سلێمانی..بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتری کارەبا دەدەن

پرۆژەی ڕووناکی، کە وەک یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکە بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان و خاوەنکارەکان پارەیەکی کەمتری کارەبا بدەن و لە کێشەی کارەبای بەردەوام ڕزگاریان بێت.

پێشتر، زۆربەی خاوەنکارەکان، وەک نانەواخانە و مارکێتەکان، پشتیان بە مۆلیدەی تایبەتی دەبەست بۆ دابینکردنی کارەبا، کە تێچوویەکی زۆری لە سووتەمەنی و چاککردنەوە هەبوو.

گۆران محەممەد، خاوەنی سەموونخانەیەک لە سلێمانی، بە کوردستان24ی گوت: پێشتر نزیکەی 90%ی سەموونخانەکان مۆلیدەی تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە، کێشەکانی چارەسەر بووە و تێچووی مانگانەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و کەشوهەواش پاک بووەتەوە.

هەروەها، ئەژین بەختیار، کاسبکارێکی دیکە، دەڵێت: سوودێکی زۆریان لەم پرۆژەیە بینیوە، بەتایبەت بۆ پاراستنی ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستییان بە ساردکەرەوەی بەردەوامە و ئێستا پارەیەکی زۆر کەمتریان بۆ کارەبا دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بۆ مانگی ئاب، نیوەی هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پسوولەکانییان کەمتر لە 27 هەزار دیناری بۆ هاتووەتەوە. هاوکات لەو مانگەدا شاری سلێمانی کەمترین نرخی پسوولەی کارەبای لەسەر ئاستی هەرێم تۆمار کردووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکەدا، بەشێک لە هاووڵاتییان نیگەرانیی هاتنەوەی پسوولەی گرانبەهایان هەبوو. بەڵام دوای تاقیکردنەوەی سیستەمەکە، دڵنیا بوونەتەوە کە بڕی پارەکە پەیوەستە بە ئاستی بەکارهێنانی خۆیانەوە و ئێستا ڕەزامەندییەکی بەرچاو لەسەر پڕۆژەکە هەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment