پزیشکیان: خۆڕادەستبوون بە ڕۆژئاوا لە کولتووری ئێمەدا نییە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند، تاران خۆی ڕادەست ناکات.
لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە پاڵەوانانی زۆرانبازی لە تاران، پزیشکیان گوتی: "جیهان فشارمان بۆ دروست دەکات تا ناچارمان بکات ڕادەست بین، بەڵام ڕادەستبوون لە کولتووری ئێمەدا نییە."
جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی تا دوا هەناسە خۆڕاگر دەبێت و سازش ناکات و ناکەوێتە سەر ئەژنۆ، هەروەها پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە دەرەکییەکان دووپات کردەوە.
پزیشکیان ڕاشیگەیاند، ئێران و ئێرانییەکان دەبێت بگەنە ئاستێک ئاگاداری تەواوی تواناکانیان بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەدیهێنانی توانای نەتەوەیی بناغەی خۆڕاگری و سەربەخۆییە.
سەرۆکی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، حکوومەتەکەی ڕێوشوێنی کردەیی دەگرێتەبەر، لەوانە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار و بەرزکردنەوەی هاوکاریی ناوچەیی.
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرانەوە.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی ئەوەی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 پابەند نەبووە، سزاکان دژی ئەو وڵاتە کارا کراون. ڕاشیگەیاند، دەرگای دانوستان هێشتا کراوەیە.
ئاماژەشی داوە، سزاکان، بڵۆککردنی سەرت و سامانی ئێران لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە دەگرێتەوە، هەروەها گەشتکردن لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە قەدەغەیە، هاوکات کڕین و گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێرانی و فرۆشتن یان دابینکردنی زێڕ و هەندێک کەرەستەی دەریایی دیکە قەدەغە کردووە.