ژان نوێل بارۆ: حەماس هیچ پاساوێکی بۆ ڕەتکردنەوەی پلانی غەززە نییە

ژان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند، حەماس چیتر هیچ پاساوێکی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیازەی کە پێشکەشی کراوە لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە شەڕی کەرتی غەززەیە، نییە.
بارۆت بە ڕادیۆی فرانس ئینتەر ڕایگەیاند، "حەماس ئێستا بە دڵنیاییەوە گۆشەگیرە، بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە و دەبێت واقیعبینانە بێت، دۆڕاوە." ئاماژەی بە پەسەندکردنی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 12ـی ئەیلوولدا بە زۆرینەیەکی زۆر بۆ بڕیارنامەیەک کە پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی داهاتووی فەڵەستینی دەکات کە حەماس لێی دوورخراوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جەختی کردەوە، حەماس دەبێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە کە پێشکەشی کراوە بۆ داماڵینی چەک و جێهێشتنی غەززە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس بارۆ، دوێنێ سێشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنجامدا و گوتی: "هەماهەنگیمان کردووە، سەرەتا بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەردوولا ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە، بێگومان ئەو لایەنەی دەبێت فشاری لەسەر بکرێت بۆ ئەو کارە حەماسە. دواتر بۆ جێبەجێکردنی پلانە ئاشتییە."
دوێنێ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، حوسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس، ڕایگەیاند، "بزووتنەوەکە کراوەیە بۆ هەموو بیرۆکە و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردن، بەڵام بەبێ ئەوەی سازش لەسەر بنەما نیشتمانییەکانی بکات."
بەرپرسێکی شارەزای فەڵەستینی ئاشکرای کرد، حەماس ڕۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی سەرکردایەتییەکەی و لەگەڵ کوتلە فەڵەستینییەکان دەستی بە لێکۆڵینەوە لە پلانی سەرۆک ئەمەریکا کردووە. ئەو بەرپرسە کە لە حەماسەوە نزیکە، ڕایگەیاندووە، بزووتنەوەکە "زنجیرە گفتوگۆیەکی لە چوارچێوەی سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی خۆیدا لە ناوەوە و دەرەوەی فەڵەستین دەستپێکردووە و وەڵامێک بە نوێنەرایەتی ئەو و فراکسیۆنانە دەخاتەڕوو." هەروەها ڕوونیکردەوە کە ڕاوێژکارییەکان "ڕەنگە پێویستی بە چەند ڕۆژێک هەبێت."