کەشتی 'ویژدان' دەگەڕێتەوە غەززە

هاوپەیمانی کەشتی ئازاد، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئینستاگرام" ڕایگەیاند، کەشتی "ویژدان" دووبارە لە بەندەری ئۆترانتۆوە بەرەو غەززە بەڕێکەوتەوە.

هاوپەیمانی کەشتی ئازاد بەشداریی لە "گەشتی خۆڕاگری جیهانی" دەکات و ڕێکخراوی "سمود نوسانتارا"ی مالیزیش لەخۆ دەگرێت.

ئامانجی کەشتییەکە گەیاندنی یارمەتییە بۆ غەززە و پزیشکان، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لەسەر کەشتییەکەدان.

هاوپەیمانی کەشتی ئازاد ڕایگەیاند، مانگی ئایار کەشتی 'ویژدان'، بە ئامانجی شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە،  بەڕێ کەوت و لە نزیک کەناراوەکانی ماڵتا تووشی هێرشی درۆنی بوو.

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ماڵتا" لەو کاتەدا بڵاویکردەوە، پێش هێرشی درۆنەکان بۆ سەر کەشتیی هاوپەیمانی کەشتی ئازادی، کە یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەگواستەوە، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی ئیسرائیلی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە دەوروبەری دوورگەی ماڵتادا سووڕاوەتەوە.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی (C-130) لە بنکەیەکی ئیسرائیلەوە بەرزبووەتەوە و پێش هێرشکردنە سەر کەشتییەکە، بەسەر ئاسمانی دەریای ناوەڕاستی نزیک ماڵتادا سووڕاوەتەوە.

بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس) زیاتر لە 81 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 150 هەزاری دیکەیان بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون. 

جیا لەو کەسانەی کوژراون، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ڕۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، 428 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە، لەبەر ئەوەی ڕۆژانە بڕێکی زۆر کەمی هاوکارییە مرۆییەکان دەچێتە نێو کەرتی غەززە و ئیسرائیل لە هەموو ڕوویەکەوە گەمارووی بەسەر کەرتەکەدا سەپاندووە. 

ئەم شەڕە دوای ئەوە سەریهەڵدا، کاتێک لە ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی قەسسام هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی، دەریایی و وشکانییان کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی لەسەر سنووری غەززە؛ زیاتر لە هەزار و 200 سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment