حکوومەتی ئەمەریکا پەکخرا
کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر: خزمەتگوزاریی پاسپۆرت و ڤیزە بەردەوام دەبن

دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی ئۆکتۆببەری 2025، حکوومەتی ئەمەریکا بە فەرمی پەکخرا و کارەکانی وەزارەتەکان ڕاگیران.
حکوومەتی ئەمەریکا، پاش ئەوەی یاسادانەران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانی دانوستانەکان لەسەر داواکارییەکانی دیموکراتەکان بۆ دابینکردنی پارەی چاودێری تەندروستیی، نەیانتوانی بنبەستی بودجە بشکێنن.
داخستنی حکوومەت بریتییە لە داخستنی بەشەکی یان تەواوەتی چالاکییەکانی حکوومەتی فیدراڵی. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە کۆنگرێس شکستی دەهێنێت لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانی حکوومەت لە 1ـی ئۆکتۆبەر. هۆکاری ئەمەش ناکۆکی سیاسی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکانە لەسەر بڕگەکانی بودجە.
لایخۆیەوە کونسولخانەی گشیی ئەمەریکا لە هەولێر لە بارەی کێشەی تێنەپەڕاندنی بودجەی گشتیی وڵاتەکەی لە پەڕەی تایبەتی کونسولخانە بڵاوی کردووەتەوە "لە ئێستادا و لەم کاتەدا کە خەرجیەکان ڕاگیراون، خزمەتگوزاریی پاسپۆرت و ڤیزە کە پێشتر وادەیان بۆ دیاریکراوە لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا لە وڵاتان بەردەوام دەبن بە پێی لەباریی دۆخەکە.
ڕاشیگەیاند، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هیچ پۆستێکمان نابێت تا کاتی دەستپێکردەنەوەی تەواوی کارەکانمان؛ بڵاوکردنەوەی زانیاریی خێرای پەیوەست بە سەلامەتی و ئاساییش لەم ڕاگرتنە بەدەردەبن. تکایە سەردانی (travel.state.gov) بکە بۆ زانیاریی دەربارەی دۆخی کارکردن و خزمەتگوزاریەکانمان".
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمە یەکەم داخستنی حکوومەتە لە دوای درێژترین داخستنی حکوومەت لە مێژوودا، کە 35 ڕۆژی خایاند و نزیکەی حەوت ساڵ لەمەوبەر، ئەم داخستنە دەبێتە هۆی وەستاندنی کارەکان لە زۆرێک لە وەزارەت و دەزگا فیدراڵییەکان و کاریگەری لەسەر سەدان هەزار کارمەندی حکوومەت دەبێت.