نوێنه‌رێكی سائیروون: هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا و كاریگه‌ری ئێران و توركیا رێگرن له‌به‌رده‌م بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی عێراق
رێگرن له‌وه‌ی كۆمپانیای بیانی دیكه روو له عێراق بكه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له هاوپه‌یمانی سائیروون، "ریاز مه‌سعوودیی" رایگه‌یاند، "هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا و كاریگه‌ری ئێران و توركیا له دۆسیه‌ی وه‌به‌رهێناندا رێگرن له‌وه‌ی كۆمپانیای بیانی دیكه روو له عێراق بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، "مه‌سعوودیی" به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تێیدا هاتووه: "ئه‌و وڵاتانه رێگه ناده‌ن له بواری وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی نه‌وت و غاز، ژێرخانی ئابووری، فڕۆكه‌خانه‌كان و ته‌نانه‌ت له بواره‌كانی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و گرێبه‌سته‌كانی كڕینی چه‌ك هیچ وڵاتێكی دیكه بێته سه‌ر هێڵ و عێراق له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه بكات.
گوتیشی: هاوبه‌شی راسته‌قینه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپایی به تایبه‌تی فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا هێشتا به باشی نه‌خه‌مڵیوه و سه‌ردانی ئێستای سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی بۆ ئه‌و وڵاتانه هه‌نگاوێكی گرنگ و ئه‌رێنییه به ئاراسته‌یه‌كی درووستدا و بڕیاری گرنگی لێده‌كه‌وێته‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی له چه‌ند رۆژی رابردوودا رووی له ئه‌وروپا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا بكات و داوای هاوكاری ئه‌و وڵاتانه‌ی له بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری عێراق كردووه.