هەسەدە دەستگیرکردنی شانەیەکی داعشی لە دێرەزوور ڕاگەیاند

هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستگیرکردنی شانەیەکی داعشیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێریکردنی وردی جموجۆڵی ئەندامانی شانەکە بووە، کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە"، ئاماژەی بەوەش دا، "هێزەکانیان گەمارۆی شوێنەکەیان داوە و هەمووانیان دەستگیریان کردووە."
ڕوونیشی کردەوە، "لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چەک و چەند بەڵگەنامەیەکدا گیراوە کە پەیوەندیی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە داعش و تێوەگلانیان لە پلاندانان بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان پشتڕاستدەکاتەوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەسەدە، پابەندبوونی خۆیان بۆ بەدواداچوون بە پاشماوەکانی داعش و شانە نووستووەکانیان دووپاتکردووەتەوە.