ئۆکرانیا: ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سهر سوپاكهمان زیاد كردووه

هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە مانگی ئەیلوول بەراورد بە مانگی ئاب به ڕێژەی 38%، زیادی کردووە، هاوكات لە هێرشەکاندا درۆنی خۆکوژی و مووشەک بەکار دەهێنرێن.
چوارشهممه، 1ـی تشرینی یهكهمی 2025، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا لە مانگی ئەیلوول بە 5636 درۆن و 187 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە، بەڵام توانیویانە بەرپەچی نزیکەی 87%ـی درۆنەکان و 68%ـی مووشەکەکان بدەنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، مانگی تەممووزی ئهم ساڵ، سەختترین مانگ بووە بۆیان، چونکە ڕووبەڕووی زۆرترین هێرشی ئاسمانی ڕووسیا بوونەتەوە، بەڵام لە مانگی ئاب بەراورد بە مانگەکانی دیکە کەمترین هێرشیان کراوەتە سەر.
هیچ کام لە ڕووسیا و ئۆکرانیا ئاماری ئەو هێرشانەی کە دەیکەنە سەر یەکدی بڵاو ناکەنەوە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا تەنیا ئاماری هێرشەکانی ڕووسیا بڵاو دەکاتەوە و لە بەرانبەردا ڕووسیا تەنیا هەواڵی ئەو درۆنە ئۆکرانیانە بڵاو دەکاتەوە کە تێکی دەشکێنن.
جەنگیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە، بەهۆی جەنگەکەوە نزیکەی ملیۆنێک کەس بوونەتە قوربانی، جگە لە ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە.