بەهۆی رەتکردنەوەی تەوقەکردن لەگەڵ ژنان رەگەزنامەی ئەڵمانی پێنەدرا

موسوڵمانێک لە رەگەزنامەی ئەڵمانی بێبەش دەکرێت

K24- هەولێر:

بەهۆی ئەوەی پیاوێکی موسوڵمان لە ئەڵمانیا رەتی دەکاتەوە تەوقە لەگەڵ ژنان بکات، رەگەزنامەی پێنادرێت.

پیاوەکە پزیشکێکی لوبنانییە و لە ساڵی 2002 چووەتە ئەڵمانیا، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی تەوقەکردن لەگەڵ خانمان، دادگا رەتی کردەوە رەگەزنامەی پێبدات.

دەستەی کارگێڕی دادگای بادێن ورتێمبێرگ موسوڵمانێکی تەمەن 40 ساڵ لە رەگەزنامەی ئەڵمانی بێبەش دەکات بەهۆی ئەوەی بە گووتەی ئەوان، پیاوەکە ژنان وەک مەترسییەک بۆ بزواندنی سێکسی دەبینێت کە ئەمەش سەرچاوەی لە بیروڕای ئەو کەسە گرتووە، بۆیە رەتکرایەوە رەگەزنامەی ئەڵمانیای پێبدرێت.

لە وەڵامدا پیاوەکە رایگەیاندووە، بەڵێنی بە ژنەکەی داوە تەوقە لەگەڵ هیچ ژنێک نەکات، بەڵام ئەمە سوودی نەبوو، دادگا لەسەر بڕیاری خۆی سوور بوو و دووپاتیکردووەتەوە، تەوقە بەشێکی زۆر گرنگی ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووری و یاساییە کە چۆنیەتی پێکەوە ژیانمان دیاری دەکات.

لە ساڵی 2012، ئەو پزیشکە داوای مافی وەرگرتنی رەگەزنامەی پێشکەش کردووە کە تێیدا واژۆی لەسەر ئەوە کردووە، دڵسۆز بێت بۆ دەستووری ئەڵمانیا و دژی تووندووتیژی بێت.

DW