ئەنجامی پشکنینەکەی رۆناڵدۆ گەڕاوەتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی یۆڤێنتوسی ئیتاڵیا دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاوەڕی وەڵامی دوایین پشکنینی دەکات بۆ گەڕانەوە و بەشداریی کردن لە یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا.

هەفتەیەک لەمەوبەر دۆن لە کامپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەی وڵاتەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بو و بەم هۆیەوە دوای گەڕانەوەی بۆ شاری تۆرین، هەفتەیەک خۆی کەرەنتین کردووە و دوێنێش بە مەبەستی دڵنیابوون لە تێپەڕاندنی پەتا جیهانیەکە پشکنینی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، هەرچەندە سکای سپۆرت زانیاریی دەستکەوتووە کارگێری ئەو یانەیە بەڵگەی تەواوەتیان بۆ یوێفا ناردووە کە یاریزانانەکەیان لە ڤایرۆسی کۆڤید19 رزگاری بووە و هیچ کێشەیەکی نەماوە.

هەر یاریزانێک کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، بە پێ یاساکانی یوێفا پێویستە یەک هەفتە پێشتر پشکنین بکات و ئەو کات ئەگەر ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بوو، دەتوانێت بۆ یاریگەکان بگەڕێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت رۆناڵدۆ هەفتەی داهاتوو بەرامبەر بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ بەشداری بکات.