بوومەلەرزەیەک ئیستانبوڵی هەژاند

بوومەلەرزەیەک ئیستانبوڵی هەژاند و پارێزگاریش دووپاتی دەکاتەوە، زیانی گیانی و ماددیی نەبووە.
سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو لە توركیا (ئافاد) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 02:55 خولەکـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی تشرینی یەکەمی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی ڕێختەر ئیستانبوڵی هەژاندووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە دەریای مەڕمەڕە بووە و بە قووڵایی 6.71 کیلۆمەتر ڕوویداوە.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، ژمارەیەک لە باڵەخانەکانی ئیستانبوڵ هەژاون و هاووڵاتییانی شارەکەش هەستیان پێ کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بوومەلەرزەیەک ناوەندی شارۆچکەی سندرگی لە سنووری پارێزگای بالکەسیری تورکیای هەژاند؛ بەهۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لە دەستدا و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات زیاتر لە 10 باڵەخانە و مزگەوت لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە وێرانبوون.
سەرەتای حوزەیرانی ڕابردووش، لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەک لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، ئافرەتێک گیانی لە دەست دا و 69 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزە و ساڵانە چەندان بوومەلەرزەی بەهێز لێی تۆمار دەکرێن.
لە بەرەبەیانی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 به پلەی ڕێختەر توركیا و باکووری کوردستانی هەژاند. هێزی بوومهلهرزهكه لە باشووری کوردستان و سووریا، میسر، یۆنان، ئێران و چهند وڵاتی دیكهی ناوچهكه ههستی پێكرا، بەهۆیەوە نزیکەی 53 هەزار کەس گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.