ئەمەریکا بەهۆی پەکخستنی حکوومەتەکەی هەفتانە 15 ملیار دۆلار زیان دەکات

کۆشکی سپی هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەمەریکا بەهۆی پەکخسنی حکوومەتەکەی هەفتانە 15 ملیار دۆلار زیان دەکات.
پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، ماڵپەری پۆلەتیکۆی ئەمەریکی بە شتبەستن بە ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا لە ئەنجامی پەکخستنی حکوومەتەکەی هەفتانە 15 ملیار دۆلار لەدەست دەدات.
ڕاوێژکارە ئابوورییەکانی ترەمپ لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداریان داوە، پەکخستنی حکوومەت بۆ ماوەیەکی درێژ، دەرەنجامی ئابووری زۆر خراپی دەبێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرەڕای لەدەستدانی 15 ملیار دۆلاری هەفتانە، بڕیارەکە 43 هەزار کەس بێکار دەکات.
لەوبارەوە کارۆڵاین لێڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "دەرەنجامی پەکخستنەکە دەکەوێتە سەر شانی دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران، کە حکوومەتی فیدرال و ئابووری وڵاتیان کردووەتە بارمتەی پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی بێ بەرانبەر بۆ پەنابەرە نایاساییەکان."
چوارشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2025، حکوومەتی ئەمەریکا بە فەرمی پەکخرا و کارەکانی وەزارەتەکان ڕاگیران.
حکوومەتی ئەمەریکا، پاش ئەوەی یاسادانەران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانی دانوستانەکان لەسەر داواکارییەکانی دیموکراتەکان بۆ دابینکردنی پارەی چاودێری تەندروستیی، نەیانتوانی بنبەستی بودجە بشکێنن.
داخستنی حکوومەت بریتییە لە داخستنی بەشەکی یان تەواوەتی چالاکییەکانی حکوومەتی فیدراڵی. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە کۆنگرێس شکستی دەهێنێت لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانی حکوومەت لە 1ـی ئۆکتۆبەر. هۆکاری ئەمەش ناکۆکی سیاسی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکانە لەسەر بڕگەکانی بودجە.