هێرش کرایە سەر کەنیشتێکی جووەکان لە بەریتانیا؛ "سێ کەس کوژراون"

هێرش کرایە سەر کەنیشتێکی جووەکان لە شاری مانچێستەری بەریتانیا؛ لە ئەنجامی ڕووداوەکە سێ کەس کوژراون و چەندێکی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە هێرشێکدا بۆ سەر کەنیشتێکی جووەکان لە شاری مانچێستەر، دوو کەس کوژران و هێرشبەرەکەش بە تەقەی پۆلیس کوژرا.
هێرشەکە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە کۆمەڵگەی جوو لە بەریتانیا و جیهان یادی ڕۆژی یۆم کیپور "ڕۆژی غوفران" دەکەنەوە، کە بە پیرۆزترین ڕۆژ لە ڕۆژژمێری ئایینی جووەکاندا دادەنرێت.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕووداوەکە لە کەنیشتی "هیتن پارک هیبرو کۆنگریگەیشن" لە ناوچەی کرەمپساڵ ڕوویداوە. هێرشبەرەکە سەرەتا بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشاوە بەناو خەڵکدا و دواتر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئامادەبووان.
پۆلیس ڕایگەیاندووە، ئەفسەرانی چەکدار لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەقەیان لە تەقەکەرەکە کردووە. هاوکات جگە لە کوژرانی دوو هاوڵاتی و هێرشبەرەکە، سێ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کیێر ستارمەر، هێرشەکەی بە "سامناک" وەسف کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی ئەم ڕووداوەوە بە پەلە لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەورووپا لە کۆپنهاگن دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کابینەی حکوومەت. گوتیشی: "ئەنجامدانی ئەم کارە لە ڕۆژی یۆم کیپوردا، کە پیرۆزترین ڕۆژی ساڵنامەی جووەکانە، ترسناکتر و قێزەونتری دەکات."
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی چنین توندوتیژییەک لە پیرۆزترین ڕۆژی ساڵی جووەکاندا و لە شوێنێکی پەرستش و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتیدا، کارێکی قێزەون و زۆر دڵتەزێنە." باڵیۆزخانەکە هەروەها دڵنیاییدا کە لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمەڵگەی جووی مانچستەر و دەسەڵاتدارانی بەریتانیا.
هەروەها شا چارڵز، پاشای بەریتانیا، "شۆک و خەمباری" خۆی بۆ ڕووداوەکە دەربڕی و هاوخەمی بۆ قوربانیان و خانەوادەکانیان نیشان دا.
پۆلیس ڕایگەیاندووە، ڕەوشی ئەمنی لە دەوروبەری هەموو کەنیشتەکانی مانچستەر توندتر کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان وەک ڕووداوێکی تیرۆریستی ئەگەری دژە جوو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. یەکەیەکی پوچەڵکردنەوەی بۆمبیش لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبووە بەهۆی بوونی "کەرەستەی گوماناوی" لەسەر جەستەی هێرشکارەکە.