قۆناغی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر تاقیكرایهوه

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، لە داهاتوویەکی نزیکدا هێڵی دووەمی قۆناغی دووەم لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر تەواو دەبێت و لە قۆناغی تاقیکردنەوەدان.
ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاقیکردنەوەی هێڵی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە قۆناغی دووەم دەستی پێکرد.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، تاقیکردنەوەی ئەم هێڵە تاوەکوو 10 ڕۆژی دیکە بەردەوام دەبێت و دواتر بەردەدرێتەوە، هەروەها ژمارەیەک گەڕەک و شوێن لە خۆ دەگرێت و توانای هەڵگرتنی سێ هەزار مەتر سێجای ههیه لە کاتژمێرێکدا.
قۆناغی دووەمی پرۆژەکە ڕێژهی 65% پێك دههێنێت و بە تەواوبوونیشی، پرۆژەکە به ڕێژهی 100% تهواو دهبێت. یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردەوە و نووسی: بەشی یەكەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاومان بۆ شاری هەولێر کردەوە، کە بە بودجەی 480 ملیۆن دۆلار بنیات دەنرێت. ئەم پرۆژەیە ئاوی خواردنەوەی 24 کاتژمێری دابین دەکات و جێی شانازییە کە لە كاتێكی پێوانەییدا، لە لایەن كۆمپانیای خۆماڵی و دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ كراوە.