شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە

ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی باس لەوە دەکات، دیدار و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی دەم پارتی کرد و لە دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند: سەردانی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە، هەروەها کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆماری تورکیای دەربارەی پرۆسەی ئاشتی بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دیدار و کۆبوونەوەکان بۆ بەرەو پشڤەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوام دەبن.
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دەستیپێکرد.
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.
هەینی11ـی تەممووزی 2025، گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.