دهۆک 58 کاندید کێبڕکێ لەسەر 11 کورسی پەرلەمان دەکەن

ئەمڕۆ هەینی یەکەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد و لە سنووری پارێزگای دهۆک 779 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە.
ئەمڕۆ، هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، ماهیر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی لە دهۆک، ڕایگەیاند: بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک هەڵمەتی پاکڕاگرتنی ژینگە لەو پارێزگایە بەڕێوەچوون.
پەیامنێری کورستان24، گوتی: ئەمساڵ ڕێککارەکانی هەڵواسینی پۆستەرەکان گۆڕاوە و کاندیدان ناتوانن لە هەموو شوێنێک پۆستەرەکانیان هەڵبواسن، بەڵکوو بەگوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ دەبێت و لیژنەکانی شارەوانی بەردەوام چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن، کە قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوە دا، لە دهۆک 58 کاندید هەن و کێبڕکێ لەسەر 11 کورسی پەرلەمان دەکەن، 20 لەوانە ئافرەتن، هەروەها 779 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە و 25 هەزار لەوانە ئاوارەن.
314 کاندید لە هەرێمی کوردستان هەن و کێبڕکێ لەسەر 46 کورسی دەکەن.
چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، دەست پێدەکات.
لە بارەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتوبووی: بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.