هاووڵاتییانی ئیتاڵیا دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتی خۆڕاگری مان دەگرن

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، سەدان هەزار هاووڵاتی ئیتاڵیا لە ڕۆمای پایتەختی وڵاتەکەیان دژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتی(خۆڕاگری) کە بەرەو غەززە دەچوو، هاتنە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە، ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 بڕیارە خۆپیشاندەران مانگرتنێکی گشتی ڕابگەیەنن.
دوێنێ لە چەند شارێکی ئیتاڵیا خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتیکردنی"کەشتی خۆڕاگری" بەڕێوەچوو کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر لە کاتی تێپەڕینی بەنێو دەریا بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی.
ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند، 50 هەزار خۆپیشاندەر سەرەڕای سەرما و بە دروشمی"سزای هەموو کردەوەکانتان دەدەینەوە" و "فەڵەستین ئازادە" و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەڵەستین لە ڕۆما، بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.
هەروەها لە میلانۆش نزیکەی 20 هەزار کەس لە دژی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتی خۆڕاگری خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لە تۆرێنتۆش خۆپیشاندەران بەرەو فڕۆکەخانە چوون بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەشتە ئاسمانییەکان.
بە هەمان مەبەست، خۆپیشاندەران لە وێستگەکانی شەمەندەفەر لە فلۆرەنسا و لیفۆرنۆ و بیزاش خۆپیشاندانیان کرد.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025، هێزی دەریایی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەشتی خۆڕاگری لەنێو دەریای ناوەڕاست و دەستیان بەسەر دەیان کەشتیدا گرت بەرەو بەندەری ئەشدۆد لە باشووری ئیسرائیل و سەدان چالاکوانی سەرنشینی کەشتییەکەیان دەستبەسەر کرد.
لە هەوڵێکی دیکەدا، ئەمڕۆ 3ی ئۆکتۆبەری 2025، هێزی دەریایی ئیسرائیل دەستی بەسەر کەشتی مارینت (دوایین کەشتییەکانی خۆڕاگری) داگرت کە تەنیا 68 کیلۆمەتر دووربوو لە کەرتی غەززە.
ئەمە لە کاتێکدا دێت کە بۆ یەکەم جار بوو بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتی، دەیان کەشتی کۆببنەوە و بەرەو غەززە بچن بە بەشداری 532 چالاکوانی سەر بە 45 وڵاتی جیهان.