لە بەغدا باڵەخانە و دامەزراوە حکوومییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردێن

لە عێراق چەند مانگێکە بانگەشەی هەڵبژاردن ناڕاستەوخۆ دەستی پێکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە چاودێریی کردنی هەڵبژاردن، زۆرترین پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەغدا تۆمارکراون، ژمارەیەک کاندیدیش دوورخراونەتەوە، وێنەی سەرکردە سیاسییەکان لەسەر باڵەخانە بەرزەکان و شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون، پەرلەمانتارێکی عێراق پێشتر بە کوردستان24ـی گوت: بە بەهای 5 ملیار دینار، تەنیا وێنەی سەرکردە سیاسییەکان لە بەغدا چاپ کراون.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆرترین پێشێلکاری لە شارەکە تۆمارکراون، ماوەی 15 ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشە، وێنەی سەرکردە سیاسییەکان لە بەغدا هەڵواسراون، بێ ئەوەی ناویان بنووسرێت، یاخود ژمارەی کاندیدبوونیان لەسەر هەبێت، بۆیە پارتە سیاسییە بچووکەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و پێیان وایە، ئەو شێوازی بانگەشەی پێشوەختەیە، کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەریان و سکاڵایان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆمارکرد، سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا، کۆمیسیۆن ناوی ژمارەیەک سەرکردە و کاندیدی لایەنی ئاشکرا کرد کە پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن نەبوونە، بۆیە پێ بژاردنیان لە ملیۆنێک دینار تاکوو 10 ملیۆن دینار بۆکرا، لەوانەش محەممەد شیاع سوودانی، محەممەد حەلبووسی، وەزیری بەرگریی عێراق، موسەننا سامەڕایی، خەمیس خەنجەر و چەند سەرکردەیەکی دیکەی سیاسی لایەنە سونی و شیعییەکان، بەڵام ئەمە وای نەکرد وێنەکانی خۆیان لە شەقامەکان هەڵگرنەوە.
شڤان جەباری دەڵێت: کاندیدی لایەنەکان باڵەخانە و دامەزراوە حکوومییەکان و شوێنی گشتیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوە و وێنەیان تێدا هەڵواسیووە، دەشڵێت: هەڵمەتێک لەگەڕەکە میللییەکانی بەغدا دەستی پێکردووە بۆ لێکردنەوە و دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمەش سەرپێچی ڕێنماییەکانی هەڵبژاردنە.
کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
لهو ههڵبژاردنهدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپهیمانی و 75 لیستی تاكهكهسی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.
چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، دەست پێدەکات.
لە بارەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتوبووی: بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.