مۆسكۆ واشنتن تۆمەتبار دەكات بەوەی ھانی كورد دەدات بۆ جیابوونەوە لە سووریا
زاخارۆڤا: ئەمەریكا بەبەردەوامی ھەوڵدەدات كورد لە سووریا جیابكاتەوە
K24 – ههولێر:
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە پێشھاتەكانی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای تۆمەتباركرد بە ھەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی كورد لە دەوڵەتی سووریا و بڵاوكردنەوەی مەیلی جوداخوازی لەنێوانیاندا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، " نیگەرانیمان لە رەوشی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا لەزیادبووندایە. ئاگامان لە لێدوانە ھەراسانكارییەكانی ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات بووە، كە گوتوویەتی، رووسیا وەك دڵنیاكەرەوەی دانووستانەكانی نێوان رۆژئاڤا و حكومەتی سووریا شكستی ھێناوە. جێگای سەرنجیشە دوای ئەو تۆمەتانەی دژ بە وڵاتەكەمان، راستەوخۆ كاروانێكی گەورەی كەرستەی سەربازی لە سنووری عێراقەوە چوونە ناوچەی ئهودیوی فورات.
گوتیشی: ئاشكرایە، ئەمەریكا بە بەردەوامی لە ھەوڵدایە، كورد لە دەوڵەتی سووریای فرە نەتەوە جیابكاتەوە، بەرێگای ھاندانی بۆ جوداخوازی".
زاخارۆڤا جەختیشیكردەوە، "مۆسكۆ بەردەوام داوا لە دیمەشق و دەسەڵاتدارانی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا دەكات گفتوگۆی بونیاتنەر ئەنجامبدەن لە پێناو گەیشتن بە چارەسەریەكی قبووڵكراو لە ھەردوو لایەن".
ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات، ئەمینە عومەر، ھەفتەی رابردوو رەخنەی لە ھۆشدارییەكانی وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ گرتبوو، لەوەی گوتبووی"پرسی كورد، بەھۆی رێكارەكانی ئەمەریكا لە سووریا، لەسەر تەقینەوەیە" و " ئەمەریكاییەكان ھەوڵدەدەن ئۆتۆنۆمییەكی كوردی لە باكووری سووریا درووستبكەن و دەسەڵاتەكانی ھاوشێوەی دەسەڵاتەكانی دەوڵەت ببێت". ئەو ھۆشداریەی لاڤرۆڤیشی "بە خزمەتكردن بە ئەجێنداكانی ناوچەیی دانا" وەك ئاماژەیەك بە پلە یەك بۆ توركیا.
ھەروەھا ئەمینە عومەر، بێئومێدی خۆی نیشاندا، لە پەككەوتنی دانوستانەكانی نێوان كورد و دیمەشق، كە چەندین جار رووسیا جەختیكردبووە لەوەی ئامادەیە پشتیوانیی بكات. گوتیشی: "ئەو رۆڵە ئەرێنییەی دەمانخواست، بووە رۆڵێكی نەرێنی"، دیمەشقیشی تۆمەتباركرد بەوەی قبووڵی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سووریا ناكات و "دوای تەواوبوونی لە ئیدلب روو دەكاتە ناوچەكانی باكوور و رۆژھەڵاتی سووریا".