ئیسرائیل: ئاگربەستمان ڕانەگەیاندووە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسی وڵاتەکەوە بڵاوی کردووەتەوە" ئێستا هیچ ئاگربەستێک نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی توندوتیژیی و هێرشکردنە"، ئاماژەی بەوەشدا کە دانوستانەکانی داهاتوو خێرا دەبن، پێدەچێت بزووتنەوەی حەماس نەتوانێت مەرجەکان جێبەجێ نەکات.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، شاندی ئیسرائیل کە بەشداریی لە گفتوگۆکاندا دەکات، پێک دێت لە وەزیری کاروباری ستراتیژی ڕۆن دێرمێر، و بەرپرسی دۆسیەی دیل و بێسەروشوێنەکان گال هێرش، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵا لە دەزگای شاباک کە بە "م" ئاماژەی پێدەکرێت، لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی دانوستانەکان ئەمشەو دەستپێدەکەن.
هەر لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەی جۆرزالیم پۆست ڕایگەیاند: "خێزانی بارمتە و بێسەروشوێنەکان" ، لە دووەمین ساڵیادی هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمدا، خۆپیشاندانێک لە "گۆڕەپانی دیلەکان" لە تەلئەڤیڤ ڕێکدەخەن.
لە بەیاننامەی خێزانەکاندا هاتووە: "ئێمە لە ڕۆژانی یەکلاکەرەوەداین سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و ئاگربەست، ڕۆژانێک کە دیاری دەکەن کەی دیلە زیندووەکان دەگەڕێنەوە، و کەی مردووەکان بۆ ناشتنێکی شایستە دەگەڕێنرێنەوە، ئەم ساتە دەبێت هەموو گەلی ئیسرائیل یەکبخات بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەی هەموو دیلێک بۆ نیشتمان."
لە ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، حەماس هێرشی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستپێکرد، بە هۆیەوە 1219 کەس کوژران، کە بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی ئیسرائیل، بەشێکی زۆری کوژراوەکان خەڵکی مەدەنی بوون.
بەهۆی بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی حەماس، زیاتر لە 66 هەزار فەڵەستینی کوژراون. بە گوێرەی ئاماری دەستەی تەندروستی کەرتی غەززە، زۆرینەی کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، پێشنیازەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و یەکێتیی ئەورووپا بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەنرخێنێت.
گوتوبووشی: سوپاس ناتانیاهۆ دەکەم بۆ ئەوەی پێشنیازی ئێمەی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاگرتنی شەڕی غەززە قبووڵ کرد، ئەگەر حەماسیش ڕازی بێت ئەوا دەستبەجێ ئاگربەست ڕادەگەینین، کە پێشبینی دەکەم ئەوانیش دەیانەوێت ئەو شەڕە بە زووی کۆتایی بهێت، بەڵام ئەگەر ڕەتیان کردەوە ئەو ئیسرائیل پشتگیری تەواوی منی بۆ لەنێوبردنی ئەو گرووپەی هەیە.
لە بەرانبەردا، هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دایەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتبوو، هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، وڵاتانی دیکە و سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە، ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەرز دەنرخێنین.
بە گوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا.