ناتانیاهۆ بۆ ئاگربەست ڕاوێژ بە دوو وەزیر دەکات

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ شیکردنەوەی ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی حەماس و ڕازی بوونی بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز و وەزیری کاروباری ستراتیژی ڕۆن دێرمێر کۆبووەوە.
دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی حەماس وەڵامی خۆی سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئاگربەستی غەززە ڕاگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕاوێژکارییەکی کتوپڕی لەگەڵ دووە وەزیری حکوومەتەکەی کرد بێ ئەوەی وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل ئیتمار بن غەفیر و وەزیری دارایی بتسالئیل سمۆتریچ ئامادەبن.
ماڵپەڕی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ڕایگەیاند، ناتانیاهۆ، دوێنێ شەو ڕاوێژکارییەکی کتوپڕی بە بەشداریی سەرۆکانی دامەزراوەی ئەمنی، وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز و وەزیری کاروباری ستراتیژی ڕۆن دێرمێر، دوای وەرگرتنی وەڵامی حەماس ئەنجامدا.
حەماس ئێوارەی دوێنێ هەینی ڕایگەیاند: وەڵامی فەرمیی خۆی ڕادەستی نێوەندگیرەکان کردووە سەبارەت بەو پێشنیازەی کە ترەمپ بۆ ئاشتی لە کەرتی غەززە پێشکەشی کردبوو.
بزووتنەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێش ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر پێشنیازەکە ڕابگەیەنێت، "ڕاوێژی فراوانی لەگەڵ هێز و فراکسیۆنە فەڵەستینییەکان، هەروەها لەگەڵ نێوەندگیرەکان و دۆستەکانیان" ئەنجامداوە.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەداوە، حەماس "هەوڵە عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان و گەیاندنی یارمەتییەکان دەستبەجێ، و ڕەتکردنەوەی داگیرکردنی کەرتی غەززە یان ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی بەرز دەنرخێنێت".