بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر: 11 کەس بەهۆی ئاگری بەنزینخانەکە بریندار بوون

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەی بەنزینخانەی گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر 11 کەس برینداربوونە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە ڕووداوی ئاگرەکەی ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، 11 کەس بریندار بوون. هەروەها ئاماژەشی دا، پێنج بریندار لەدوای وەرگرتنی چارەسەری گەراونەتەوە ماڵەکانیان و شەشی دیکەش لە ژێر چاودێری پزیشکدان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر کە تەمەنەکانیان لە نێوان 21-45 ساڵدایە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕووداوێکی ئاگر کەوتنەوە لە بەنزینخانەیەکی شاری هەولێر ڕوویدا، کە بە بەشداریی 11 تیمی بەرگریی شارستانی توانییان بە 35 خولەک ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، کە بە هۆییەوە دوو کارمەندمان بە سووکی بریندار بوونە.
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی: لەو بەنزیخانەیەدا سووتەمەنی 'بەنزین، گاز و غازی LPG و مۆلیدەی تێدابووە، کە هۆی سەرەکی ڕووداوەکە لە ئەنجامی شێوازی بەتاڵکردنی بەنزینەکە بووە، دەشڵێت: دوای لێکۆڵینەوەکان زیاتر ڕوونکردنەوە دەدەین، بەڵام گومانی سەداسەدمان هەیە لە کاتی بەتاڵکردنی بەنزین ڕووداوەکە ڕوویدابێت، چونکە سووتەمەنییەکە نزیک بووە لە مۆلیدە و غازی LPG یەکە، ڕەنگە ئاگر دروست بووبێت.
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە زیانی ماددی هەبووە کە چەند ئۆتۆمبێلێک سووتاوە، هەروەها ڕێنماییەکانمان بۆ ئەو شوێنانە ڕوونە، بۆیە بەداخەوە دوای ئەوە چەند جارێک ئەو شوێنەمان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام پابەندی مەرج و ڕێنماییەکان نەبووە و ئەو ڕووداوەی لێکەوتەوە.
شاخەوان سەعید دەشڵێت: ئەمساڵ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بەراورد بە ساڵی پار لە 40% کەمی کردووە، هەروەها سووتانی بەنزینخانەکانیش ساڵی پار 16 حاڵەتمان هەبووە، ئەمساڵیش بەو ڕووداوەوە چوار حاڵەتی سووتانمان هەبووە، لەبارەی ڕووداوەکەی ئەمڕۆش ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر بەو بەنزینخانەیە هەم بە پێ بژاردن هەم بە داخستن دەکرێت.
دوای ئاگرەکە هاووڵاتییەکی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە گوتی: "ئێمە نزیکەی کیلۆمەترێک ماڵمان لەو بەنزینخانەیە دوورە، بەڵام لەگەڵ بەهێزی دەنگی تەقینەوەکە لە خەو هەستام، دەشڵێت: زۆرێک لە خانووەکانی گەڕەکەکەمان جامەکانیان شکاوە."