ئازاد حەمەدەمین: لە ڕووماڵی هەڵبژاردندا پێویستە ڕۆژنامەنووسان پابەندی بنەماکانی کاری پیشەیی خۆیان بن

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ناکرێت ڕۆژنامەنووس ببێتە پشتیوانی ئەو هەوڵانەی دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت، دەشڵێت: پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پابەندی پێوەرە پیشەیی و نێودەوڵەتییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی و ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی بن.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن، میدیا و میدیاکارانن، کارێک دەکەوێتە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەوەیە، هەموو ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەک بگاتە دەست ڕۆژنامەنووسان، لایەنە ئەمنییەکانیش هیچ پێشێلکارییەک بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان نەکەن، هاوکات ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە بە پیشەیی و پرۆفیشیناڵانە کاری خۆیان بکەن و نەبنە مایەی توندو تیژی، لەگەڵ ئەوەشدا ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێک نەدەن و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی بەکاربێنن.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی گوتی: پێمان وایە ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە لە پاڵ ئەرکە نیشتمانییەکەی خۆیان، هاوکاربن بۆ ئەوەی بتوانن لە سەرخستنی هەڵبژاردندا بەشداربن، بەتایبەت کە هەڵبژاردنەکە لە کاتێکی هەستیاردا دەکرێت و هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە لەبەردەم هەرێمی کوردستان، گوتی: دەبێت لە داکۆکی کردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، ڕۆژنامەنووس خۆی نەبوورێت و بێلایەن نەبێت لەو بارەوە.
ئازاد حەمەدەمین ئاماژەی بەوەشکرد، گەیاندنی زانیاری بە دروستی، تێکنەدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، داکۆکی کردن لە بەرژەوەندییە باڵاکان، بەشێکن لە بەڵێننامەی شەرەفی کاری ڕۆژنامەوانی، گوتی: ئێمە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ژوورێک دادەمەزرێنین بۆ چاودێری کردنی پەیجە هەواڵییەکان کە لە سەندیکا تۆمارکراون، پێویستە ئەو پەیج و ڕۆژنامەنووسانە پابەندبن بەو کارانەی کە لە ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی دەخوازرێت، گوتیشی: ئێمە دووپات لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکەینەوە و ناکرێت بەناوی داکۆکیکردن، پشتیوانی لەو کارانە بکرێت کە بەغدا دژ بە هەرێمی کوردستان دەیکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ڕۆژنامەنووسێک ژەهرێک بڵاو بکاتەوە و کاریگەریی لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی گشتی سیاسی بکات، دەبێت میکانیزمێکی بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.