ژمارەی کوژراوانی شەڕی غەززە گەیشتە 67 هەزار کەس

لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە چڕتر بووەتەوە و هەست بە ئەنجامێکی ئەرێنی دەکرێت، وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی غەززە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 67 هەزار هاووڵاتی کوژراون.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەیمی 2025، وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامارەکانی قوربانیانی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 کاتەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، 67 هەزار و 700 هاووڵاتی غەززە کوژراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوە نەکردووە لە نیو قوربانییەکان چەندیان منداڵن و ئافرەتن، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش باس نەکردووە.
هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، حەماس چەندین جارە ئامادەیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە پیشانداوە.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، ئێستا کاتی حەماس بە پلانەکە ڕازی بێت، هەروەها هۆشداریشی دابوو ئەگەر ئەو گرووپە وەڵامێکی ئەرێنی نەداتەوە، ئەوا دەرەنجامێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بە ئەرێنی دایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا.
هەروەها لای خۆیەوە، ترەمپ پێشوازی لە وەڵامی حەماس کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت