ترەمپ: دەبێت حەماس پەلە لە کارەکانی بکات، ئەگەرنا هەموو ئەگەرەکان کراوە دەبن

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاگرتووە، جەختیشی دەکاتەوە چیتر بەرگەی دواخستنی ئاگربەستی ئەو کەرتەی ناگرێت، بۆیە دەبێت بە زووترین کات کارەکانی پەیوەست بەو ئاگربەستی تەواو بکرێن.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاتی بۆمببارانکردنی غەززەی لەپێناو ئازادکردنی دیلەکان و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە، بۆ ئەمەش هەوڵەکەی بەرز دەنرخێنم.
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت حەماس پەلە لە کارەکانی بکات، ئەگەرنا هەموو ئەگەرەکان کراوە دەبن، چونکە بەرگەی دواخستنی ناگرێت، ترەمپ جەختیش لەوە دەکاتەوە دەبێت ئاگربەستی غەززە بە زووی ڕابگەیندرێت و هەموویان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ قسەی بۆ کەناڵ 12ی ئیسرائیلی کردووە و باسی لەوە کردووە، "لەبارەی پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرجەم لایەنەکان، وەڵامی ئەرێنیمان وەرگرتووە، سەرجەم وڵاتان پشتگیری دەکەن، تەنانەت ئیسرائیلیشی، حەماسیش دەیەوێت پشتگیری دەکات، بەڵام دەبێت کار لەسەر تەواوکردنی وردەکارییەکان بکات"گوتیشی: بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلم گوت، ئەم پلانە تاکە دەرفەتە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، ئەوەیش پلانەکەی قبووڵ کرد.
هاوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارید کەشنەر، وەکوو نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، بەرەو میسر بەڕێکەوتوون.
هەروەها قاهیرە نیووز، بڵاوی کردووەتەوە، هەر دوو شاندەکەی حەماس و ئیسرائیل دەستیان بە جووڵە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر ڕێکخستنی مەرجە زەمینییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی سەرجەم بارمتەکان، بەگوێرەی پێشنیازەکەی ترەمپ لە قاهیرە کردووە، کە سبەی دەست پێ بکات و بۆ دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بە ئەرێنی دایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا.
هەروەها لای خۆیەوە، ترەمپ پێشوازی لە وەڵامی حەماس کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، ئێستا کاتی حەماس بە پلانەکە ڕازی بێت، هەروەها هۆشداریشی دابوو ئەگەر ئەو گرووپە وەڵامێکی ئەرێنی نەداتەوە، ئەوا دەرەنجامێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.