ناتانیاهۆ: حەماس ناچاربوو بە پلانەکەی ترەمپ ڕازی بێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم لێدوانیدا دوای ڕازی بوونی بزووتنەوەی حەماس بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، گوتی: بزووتنەوەی حەماس ناچاربوو بە پلانەکەی ترەمپ ڕازی بێت.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدوانی دوای ڕازی بوونی بزووتنەوەی حەماس بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، تەواوی بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە، فەرمانم بە تیمی دانووستنکاریش کردووە، چەند ڕۆژێکی کەم لە گفتوگۆدابن لەگەڵ حەماس و درێژە بە گفتوگۆکان نەدەن.
ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی نیشانداوە دەستبەرداری چەک بێت، گوتی: ئومێدی زۆرم بەوە هەیە، چەند ڕۆژی داهاتوو، تەواوی بارمتەکانی لە غەززە لەژێر دەستی حەماسدان، بگەڕێنەوە نێو خانەوادەکانیان.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، بزووتنەوەی حەماس بە فشاری دیپلۆماسی و سەربازیی، بەوە ڕازی بوو بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپیش ڕازی بێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.