ڕێبوار هادی: بۆ ئەوەی دەستکەوتی باش لە بەغدا بەدەستبێهینی پێویستیت بە تیمێکی شارەزا لە یاسا و سیاسەت هەیە

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر ڕایگەیاند، ئەنجامەکانی خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی عێراق ئەوەیان دەرخستووە کە هەمیشە بەڵێنەکانیان جێبەجێکردووە، دەشڵێت، بۆ ئەوەی دەستکەوتی باش لە عێراق بەدەستبێنی پێویستی بە تیمێکی شارازا لە سیاسەت و یاسا هەیە، هاوکات باسی لەوەش کرد، یاسا و دەستوورەکانی عێراق زۆر ڕوون و ئاشکران، بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتەیە بەو شێوازی خۆیان دەیانەوێت لێکدانەوەی و جێبەجێی ناکەن.
شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 گوت: هەر وەکوو پێشتر بەڵێنەکانمان جێبەجێ کردووە، کە بەشێکیان زۆر قورسبوون، لەم خولەی هەڵبژاردنیش ئەو بەڵێنانەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدەین جێبەجێی دەکەین. ڕوونیشی کردەوە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی (هەڵوەشاوەی) شۆڕش، بۆ داگیرکردنی زەوییەکان کورد یەکێک بوو لەو بەڵێن و مەرجانەی کە جێبەجێمان کرد.
دەشڵێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بووەتە یاسا و دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا بەگوێرەی یاسا لێپرسینەوە لە وانەی دەکرێت کە ڕێگری لە جێبەجێ کردنی دەکەن، هاوکات سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەشی دا، لە خولی پەرلەمانی داهاتووی عێراق کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە یاساکانی تەواوکەری دەستوور و ئەوانەی دامەزراوە حکوومییەکان پێکدەهێنن دەکەن.
ڕێبوار هادی جەختیشی لەوە دەکاتەوە، بۆ ئەوەی دەستکەوتی باش لە بەغدا بەدەستبێهینی پێویستیت بە تیمێکی یەکگرتوو و یەک دەنگ هەیە، بە توانا لە یاسا و سیاسەت لە بەغدا، توانای تێگەیشتن لە هزری عەرەب و عێراق هەبێت، هەیە.
لەبارەی جێبەجێ نەکردنی یاسا و دەستوورەکان لەلایەن عێراقەوە گوتی: ئەو یاسا و دەستوورانە زۆر ڕوون و ئاشکران، بەڵام حکوومەتی عێراق بەو شێوازی خۆیان دەیانەوێت لێکدانەوەی بۆ دەکەن، بە شێوەیەک یاساکان هیچ کێشەیەکییان نییە، بەڵکوو کێشە لە جێبەجێ نەکردن دایە.
سەرەڕای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەڵام بە پێی دەستوور، خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق تاوەکوو 8ی کانوونی دووەمی 2026 لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، دەشڵێت، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تەمەنی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن، هەروەها بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.