هاووڵاتییانی عێراق هیوا و متمانەیان بە هەڵبژاردن نییە
لەگەڵ دەستپێکردنی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شەقامەکانی بەغدا پڕ بوون لە وێنە و پۆستەری بەربژێرەکان، بەڵام هاووڵاتییان بە گومان و نائومێدییەوە لەم پرۆسەیە دەڕوانن و زۆرێکیان بەنیازی بایکۆتکردنن.
لەسەر شەقامی مێژوویی موتەنەبی، کە وەک دڵی ڕۆشنبیریی بەغدا ناسراوە، نووسەران و ڕۆشنبیران بڕیاریان داوە کە بانگەشەی سیاسی و هەڵواسینی وێنەی بەربژێرەکان لەم شەقامەدا قەدەغە بکەن. ئەوان نەک هەر خۆیان بەشداری ناکەن، بەڵکوو داوا لە خەڵکیش دەکەن بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن. هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵوێستە، جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکانە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرەکانەوە.
هاووڵاتییان دەڵێن متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و بەڵێنی بەربژێرەکان نەماوە. یەکێک لە هاووڵاتییان بۆ کوردستان24 باس لەوە دەکات کە دەنگەکان بە پارە دەکڕدرێن و دەڵێت: "من دەنگ نادەم، بایکۆتم کردووە. دەنگ بدەین و نەیدەین هەر ئەوان دەردەچنەوە. چونکە دەنگەکان کڕدراون بە 150 هەزار دینار."
هاووڵاتییەکی دیکە، باسی لە خەرجییەکانی بانگەشە دەکات و دەڵێت: "بە بەربژێرەکان دەڵێم وێنەکانتان بچووک بکەنەوە و پارەکەی بدەن بە هەژاران. تەنیا نرخی ئەو ئاسنەی بۆ چوارچێوەی وێنەکانیان بەکاردێت، مەترێک بە 10 دۆلارە، من بۆ یەکێک لە بەربژێرەکان 2000 مەترم دروست کردووە."
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن بە گەرمی بەردەوامە و نزیکەی 10 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. شەقامەکانی بەغدا بە وێنەی بەربژێرەکان داپۆشراون کە دروشمی وەک "ژیانێکی باشتر" و "خۆشگوزەرانی"یان بەرز کردووەتەوە، بەڵام ئەم دروشمانە هاووڵاتییانی تووڕەتر کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەرکی سەرەکییان ڕێکخستنی لایەنی هونەری و یاسایی پرۆسەکەیە. حەسەن سەلمان، ڕاوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆن، دەڵێت: "کۆمیسیۆن بەپێی دەستوور و یاسا کار دەکات و بەرپرسە لە ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن. ئێمە گرنگی بەوە نادەین لە شەقام چی ڕوودەدات، کە بایکۆت دەکرێت یان داوای دواخستن دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەیان هەیە بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن.
لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، 768 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن. کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە کە چاودێرییەکی وردی بانگەشەکان دەکەن و هەر بەربژێرێک سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت.