ڕێباز و بەرنامەی کاری کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بە دروشمی "هاوبەشی، سازان و پێکەوەیی،" کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کردووە. شەقام و شوێنە گشتییەکان بە وێنە و پۆستەری کاندیدەکان ڕازێنراونەتەوە و بەرنامەی کاریان بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
کاندیدانی پارتی جەخت لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دەکەنەوە و پێیان وایە ئەگەر عێراق پابەندی ئەم بنەمایانە بێت، زۆرێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن. یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کاندیدانی پارتی، دەرچوواندنی چەند یاسایەکی گرنگە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی خەڵکی کوردستان هەیە.
ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر، بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، "سیستەمی فیدراڵی لە عێراق لا سەنگە، چونکە تەنیا ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە. ئەو دەڵێت: "پێویستمان بە یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵییە. ئێمە لە خولەکانی پێشوودا پرۆژەیاسامان پێشکەش کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێویستی بە 220 دەنگ بوو، نەمانتوانی تێپەڕێنین. ئەمە لە بەرنامەی کاری داهاتووماندا دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، کاندیدان کارکردن لەسەر پرۆژەیاساکانی نەوت و غاز و بودجە بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن. محەممەد برادۆستی، یەکێک لە کاندیدەکان، دەڵێت: "دەبێت نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بین لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان. پرۆژەیاسای نەوت و غاز و بودجە لە کارە لە پێشینەکانمان دەبێت."
هەروەها، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور وەک کلیلێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەیر دەکرێت. عومەر هەرمزی، کاندیدی پارتی، ڕایگەیاند: "ئەگەر ماددەی 140 یەکجارەکی چارەسەر بکرێت، زۆربەی کێشەکانی گەلی کورد چارەسەر دەبن."
کاندیدانی پارتی ئاماژە بەوەش دەکەن کە چەندین یاسای تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ چەندین ساڵە پشتگوێ خراون و هەوڵی جددی دەدەن بۆ جێبەجێکردنیان.
عیمران نەحمەد، کاندیدێکی دیکە، جەخت لەسەر گرنگی کەرتی پەروەردە دەکاتەوە و دەڵێت: "پەروەردە سەرمەشقی هەموو پرۆسەکانە. ئەگەر پەروەردەیەکی باشمان هەبێت، ئەندازیار، پزیشک، سوپا و ئاسایشی باشمان دەبێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 275 لە زۆربەی بازنەکانی هەڵبژاردندا کاندیدی هەیە و ئامانجیەتی ببێتە حزبی یەکەمی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بەهێزتر داوای مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکات.