46 کەس بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" 46 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە هەزار و 841 کارتی دەنگدانیان لابووە، دەڵێت: ئەوان کاری کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدانیان کردووە.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکردنی 46 تۆمەتباری بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان ئاشکرا کرد، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دەستیان بەسەر هەزار و 841 کارتی دەنگداندا لە چوار پارێزگادا گرتووە. 

دەزگاکە لە بەیاننامەیەکدا ، ڕایگەیاندووە: هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری ورد، چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی جیاجیایان لە پارێزگاکانی (بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، و ڕۆژئاوای نەینەوا) ئەنجامدا، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 46 کەسیان دەستگیرکرد کە  تێوەگلاون لە پرۆسەکانی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە (1841) کارتی دەنگدەران لای تۆمەتبارەکان دەستی بەسەردا گیراوە، ڕوونیشیکردەوە کە تۆمەتبارەکان ڕەوانەی دادگا کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژیان.

کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.

له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپه‌یمانی و 75 لیستی تاكه‌كه‌سی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.

چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، دەست پێدەکات.

لە بارەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتوبووی: بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت

 
 
Fly Erbil Advertisment