وەزیرێکی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ هەڕەشەی کشانەوە دەکات

ناتانیاهۆ لەژێر فشاری هاوپەیمانە توندڕەوەکانی دایە سەبارەت بە ڕێککەوتنی غەززە،

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدا، کە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی هەواڵی "واڵا"، بن گڤیر، کە سەرۆکی پارتی "ئۆتزما یەهودی"ـیە، هەڕەشەی کشانەوەی لە حکوومەت کردووە ئەگەر دوای گەڕانەوەی بارمتەکان، حەماس وەک دەسەڵات لە غەززە بمێنێتەوە. هەروەها، بیزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی، بەشداریی لە بەشێک لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.

لە بەرامبەردا، کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئامادەن پشتیوانیی پێویست لە پەرلەمان (کنێست) دابین بکەن بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە، تەنانەت ئەگەر کشانەوەی بن گڤیر و سمۆتریچ ببێتە هۆی لەدەستدانی زۆرینەی حکوومەت.

ئەو دوو وەزیرە، بە هەڵوێستی توندیان ناسراون، لە دیارترین دژبەرانی هەر ڕێککەوتنێکن کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا. ئەوان داوای داگیرکردنەوەی کەرتی غەززە و دروستکردنی نیشتەجێی ئیسرائیلی دەکەن، ئەم پێشنیازە بە تەواوی پێچەوانەی پلانی ئاشتیی ئەمەریکایە.

لایخۆیەوە، ناتانیاهۆ ڕۆژی شەممە جەختی کردەوە "پێویستە حەماس چەک دابنێت، جا بە ڕێککەوتن بێت یان بە زەبری هێزی سەربازی."

سەبارەت بە پلانی ئاشتیی پێشنیازکراوی ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ناتانیاهۆ گوتی: "من شاندی ئیسرائیلم ڕاسپاردووە دانوستان لەسەر پلانەکە بکەن." هەروەها سوپاسی سەرۆک ترەمپی کرد بۆ پشتیوانییەکانی و ئاماژەی بەوەدا کە "فشاری سەربازی وای لە حەماس کردووە بەشێک لە پلانەکە قبوڵ بکات."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات بزووتنەوەی حەماس ڕەزامەندیی خۆی لەسەر هەندێک لە خاڵەکانی پلانی ئەمەریکا نیشاندا. سەرۆک ترەمپ پێشوازیی لە هەڵوێستەکەی حەماس کرد، بەڵام هۆشداریی دا "پێویستە حەماس بە خێرایی هەنگاو بنێت، ئەگەرنا هیچ گەرەنتییەک نامێنێت."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment