وەزیری دەرەوەی عێراق باسی "ئاسیكردنەوە" لەگەڵ ئیسرائیل دەكات
"بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ھێشتا ماوە"
K24 – ھەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، رەتیكردەوە عێراق دووچاری ھیچ فشار و پاڵەپەستوویەكی عەرەبی و رۆژئاوایی بووبێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل.
فوئاد حوسێن لە دیدارێكیدا لەگەڵ "بی بی سی" گوتی: عێراق"ھیچ جۆرە فشارێكی عەرەبی و رۆژئاوایی لەسەر نەبووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل". رەتیشیكردەوە دواخستنی سەردانەكەی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی پەیوەندیی بەو بابەتەوە ھەبێت".
جەختیشیكردەوە، "سەردانەكەی كازمی بۆ سعوودیە ھێشتا لە ئەجێندای كاریدا ھەیە و پێش دوو ھەفتە پێشوازیمان لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە كرد و پەیوەندییەكانمان لە گەڵ شانشین بەھێزن". روونیشیكردەوە، "دواخستنی سەردانەكە پەیوەندی بەكاری تەكنیكیەوە ھەیە".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا واشنتن نیازی ھەیە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدای پایتەخت دابخات؟، فوئاد حوسێن گوتی: بڕیارەكە "سڕكراوە" و ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن و ھێزە رۆژئاواییەكان ھەیە بۆ پێداچوونهوه بەو بڕیارەدا". ئاماژەشیكرد، "بڕیارەكە پەیوەستە بە واشنتن، لە حاڵەتی جێبەجێكردنیشیدا ئەنجامی سیاسی و ئەمنیی لێدەكەوێتەوە".
گوتیشی: "دوای ئەو بڕیارە راستەوخۆ پەیوەندیمان بە واشنتنهوه كرد، ئەمە جگە لە پەیوەندیكردن به وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپاوه بۆ رازیكردنی واشنتن به پاشگهزبوونهوه لە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا". ئاماژەشیكرد، "بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ھێشتا ماوە".