گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە: مامۆستاکانمان سەرەڕای بێمووچەیی دەرگای قوتابخانەکانیان دانەخست

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانی لە سەرجەم مامۆستایانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتی پیرۆز کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی "سوپاسی پشوودرێژیی مامۆستایان دەکەین کە لە قەیرانە داراییەکانی ڕابردوودا، بەهۆی سیاسەتەکانی حکوومەتی فیدراڵییەوە دروست ببوو، بەرگەی بارودۆخە سەختەکەیان گرت و دەرگای قوتابخانەکانیان بە کراوەیی هێشتەوە."
د. سامان سیوەیلی گوتیشی: چوارەمین کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ منداڵان و قوتابیانی ڕەوەندی کورد (دیاسپۆرا) دەستیپێکردووە. ئەم پڕۆژەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، خواستێکی زۆر لەسەر ئەم کۆرسە هەبووە و تا ئێستا دوو هەزار و 500 کەس ناوی خۆی تۆمار کردووە. بەشداربووان بەسەر چەندین گرووپدا دابەش کراون و وانەکان بە هەر سێ شێوەزاری سۆرانی، کرمانجی (بادینی) پێشکەش دەکرێن."
سیوەیلی ڕاشیگەیاند "ئەم دووهەزار و 500 بەشداربووە، دانیشتووی 42 وڵاتی جیاوازی ئەورووپا و ئاسیان، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمە بە پاراستنی زمانی دایک لە دەرەوەی وڵات."