ئەحمەد شەرع: زۆر یاسای هەڵپەسێردراو هەن کە پێویستە لە پەرلەمانی نوێ دەنگی لەسەر بدرێت

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانەی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، گوتی: چەند یاسایەک هەیە پێویستە دەربکرێن.
یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە میانەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە کتێبخانەی نیشتمانی دیمەشق گوتی: "تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکی کورتدا، سووریا توانیویەتی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی گونجاو ئەنجامبدا، سەرەڕای ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساتەوەختە مێژووییە لەنێو سوورییەکان زۆر گرنگە، هەروەها دەبێت هەموو سوورییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زێدی خۆیان.
سەرۆکی سووریا باسی لەوەشکرد، "زۆر یاسای هەڵپەسێردراو هەن کە پێویستە لە پەرلەمانی نوێ دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت لەگەڵ پرۆسەی بنیاتنان و خۆشگوزەرانی"، جەختیشی کردەوە "ئیرادەی ئەمڕۆی سووریەکان بناغەی داهاتووە."
ئەحمەد شەرع گوتیشی، "سووریەکان شانازی بە گواستنەوە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕیی بۆ هەڵبژاردن دەکەن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، کاتژمێر 9:00 لە سەرانسەری سووریا ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و پرۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد.
ژمارەی کاندیدەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن، هەزار و 578 کاندیدە، کە لە 14%یان ئافرەتن. هەروەها دەستەی نوێی یاسادانان لە 210 ئەندام پێکدێت، کە 250 ئەندامی لە پێشتر کەمترە و دەنگدان تا نیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆی سووریا بەردەوام بوو.
دوابەدوای داخستنی سندوقەکانی دەنگدان، پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان دەست پێدەکات، ئەنجامە سەرەتاییەکانیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی میدیاکانەوە ڕادەگەیەنرێن. پاشان پرۆسەکە ڕەوانەی لیژنەکانی تانەدان دەکرێت.