پوتن لەبارەی ناردنی مووشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکرانیا هۆشداری دەداتە ئەمەریکا

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند, ئەگەر ئەمەریکا مووشەکی تۆماهۆکی دوور مەودای بۆ ئۆکرانیا دابین بکات، ئەوا دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ واشنتن.

یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە تەلەڤزیۆنی فەرمی ڕووسیای، گوت: پێدانی موشەکی تۆماهۆکی دوور مەودا بە ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە، بەو مەبەستەی هێرش بکاتە سەر مۆسکۆ، دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانمان و تێکدانی ئەو بەروپێشچوونە ئەرێنییانەی لەم دوایانە لە نێوان ئێمەی هەبووە.

پێشتر پوتن ڕایگەیاندبوو، بەکارهێنانی مووشەکی تۆماهۆک بەبێ بەشداری ڕاستەوخۆی سەربازانی ئەمەریکی مەحاڵە،هەر بۆیە هەر دابینکردنێکی ئەم جۆرە مووشەکانە بۆ ئۆکرانیا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قۆناغێکی نوێ لەو وڵاتە و تەنانەت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکاش.

سەرۆکی ڕووسیا ئەوەشی خستبووڕوو، مووشەکەکانی تۆماهۆک دەتوانن زیان بە ڕووسیا بگەیەنن، بەڵام بە بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی خۆیان، دەتوانن بەرپەرچییان بدەنەوە.

پوتن جەنگی ئۆکرانیا وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا وێنا دەکات، دەڵێت: "دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا، ناتۆ بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی، بەهای ڕووسیایان کەم کردووەتەوە.

کەمتر لە دوو مانگ دوای کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ پوتن لە لووتکەی ئالاسکا، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە تا دێت کاڵتر دەبێتەوە، بەتایبەت دوای پێشڕەوی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەزاندنی سنوورە ئاسمانییەکانی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا.

هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەفتەی ڕابردوو بڵاوی کردبووە، ئەمەریکا زانیاری هەواڵگری لەسەر ژێرخانی وزەی دوور مەودا لە ڕووسیا دەداتە ئۆکرانیا، هاوکات تاوتوێی ئەوە دەکات ئایا ئەو مووشەکانەی کە دەکرێت لەو جۆرە هێرشانەدا بەکاربهێنرێن، بداتە کیێڤ یان نە.

لەو بارەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی لە زاری یەک بەرپرسی ئەمەریکی و سێ سەرچاوەی دیکە بڵاوی کردووەتەوە، خواستی ئیدارەی ترەمپ بۆ ناردنی مووشەکی تۆماهۆکی بۆ ئۆکرانیا لەوانەیە کردەیی نەبێت، چونکە کۆگاکان ئێستای هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ مەبەستی دیکە تەرخانکراون.

مووشەکی تۆماهۆک مەودای 2,500 کیلۆمەتر دەبڕن، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر ئۆکرانیا ئەو مووشەکانە بەدەست بهێنێت، ئەوا کرێملن و تەواوی بەشە ئەورووپییەکەی ڕووسیا دەبنە ئامانج.

 
Fly Erbil Advertisment