سەرۆک وەزیران: حکوومەتی عێراق زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە، بەڵام کارەبای 24 کاتژمێری پێ دابین نەکراوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە ھەشتەمین ئیڤێنتی "تیدێکس نیشتمان" ڕایگەیاند "پرۆژەی ڕۆناکی یەکێک بوو لەو پرۆژانەی کە باوەڕ بکەن کەس بڕوای نەدەکرد ئێمە بتوانین لە ماوەیەکی وا کەمدا بتوانین کارەبای 24 کاتژمێری لە کوردستان دابین بکەین."
مەسرور بارزانی گوتی "هەر بۆ بەراوردکردن، حکوومەتی فیدراڵی عێراق زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن. ئەمەش بە هەوڵ و کۆششی گەنجە خۆشەویستەکانی ئێمە کە شەو و ڕۆژ خەریک بوون و یارمەتیدەری وەزارەتی کارەبا بوون، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر کە بتوانن کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەن."
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد "شوکر بۆ خوا ئەمڕۆ هەموو سەنتەری شارە گەورەکانی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین. پارێزگای هەڵەبجە بە شانازییەوە یەکەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق کە کارەبای 24 کاتژمێری لەسەرتاسەری پارێزگاکە هەیە. و تا کۆتایی ساڵی 2026، هەموو کوردستان بە هەموو گوند و شار و لادێیەکەوە، دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە و حەقە شانازی بە خۆتانەوە بکەن، چونکە ئەمەش دەستکەوتی خۆتانە. جارێکی تر سپاستان دەکەم."
دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان. گەنجانی خۆشەویست و ئامادەبوونی ئازیز، زۆر زۆر خۆشحاڵم کە بانگهێشتتان کردم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشداربم لەم بۆنە گرنگە، بەتایبەتی کە لەلایەن گەنجانەوە ڕێکخراوە. ئەم گەنجانەی کە ئومێد و ئاییندەی وڵاتەکەمانن. من دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی تێدێکس نیشتمان دەکەم. هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن. ئەمە چەندین جارە ئەم جۆرە بۆنانە ئامادە دەکەن و کاری وا دەکەن هەم گەنجان زیاتر ئومێدیان بە خۆیان بێت، هەم ئێمەش زیاتر ئاشنا بین بە توانای گەنجەکانمان. دەستخۆشیتان لێ دەکەم، ئینشائەڵڵا هەمیشە هەر سەرکەوتوو بن.
جێی خۆیەتی من سوپاس و دەستخۆشی لەو گەنجە خۆشەویستانەش بکەم کە لە دەرەوە تەشریفیان هێناوە و بەخێرهاتنێکی گەرمیان دەکەم. هەرچەندە پێشتر من لە خزمەتیان بووم و چەندین قسەشمان پێکەوە کردووە، بەڵام ئەوانیش ئامادەن لێرە لە وڵاتانی ئەورووپا سەردانی کوردستانیان کردووە. ئەمەش بەشێکە لەو هەڵمەتەی کە ئێمە توانیمان کارێکی وا بکەین سپۆنسەری گەڕانەوەی ئەم خۆشەویستانە بکەین، زیاتر بێن لە نزیکەوە ئاشنا بن هەم بە گەنجانی وڵات، هەم بە نیشتمانەکەی خۆیان و خۆشیان لەو وڵاتانەی کە لێی دەژین، توانا و ئەو زانستەی کە تێیدا فێر بوون، بگەڕێننەوە بۆ وڵات. و ئەو پەیوەندییە دروستکردنە بەینی ئێرە و بەینی هەندەران، ئەمە دەبێتە هێزێکی تر بۆ وڵاتەکەمان، بۆ گەنجە خۆشەویستەکانمان، و بۆ ئەو گەنجە بەڕێزانەی کە لە کوردستان دان، پەیامم بۆ ئەو خۆشەویستانەش ئەمەیە کە ئێوە دەتوانن هەموو خەونێک بکەن بە ڕاستی.
دەمەوێت ئاماژە بە هەندێک لە کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە ماوەی ڕابردوودا، ئەگەر بە پێداگری و بڕوا و متمانە بەخۆبوونی گەلەکەمان نەبووایە، لەوانەیە زۆر زۆر ئەستەم بوو بتوانین ئێستا بگەینە ئەم قۆناغە لە پێشکەوتن لە چەند سەکتەر و بواردا. هەموو لایەک هەوڵی ئەوەیان دەدا پاشگەزمان بکەنەوە، بێ ئومێدمان بکەن، بێ هیوامان بکەن کە ئێمە ناتوانین وڵاتی خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین. ئاستەنگیان بۆ دروستکردین، ئاڵنگاری زۆریان بۆ دروستکردین، ڕێگریان کرد، بودجەیان لێ بڕین، کێشەی سیاسیان بۆ دروستکردین، تووشی کێشەی ئەمنی و ئاسایشیان کردین؛ بەڵام بە خۆڕاگریی ئەم گەلە خۆشەویستە، بە پشودرێژیی هەموو هانیشتمانییانی بەڕێز، ئێمە توانیمان ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەددیاتانە بوەستینەوە و نەک تەنیا ئەم قەیرانانە یەک لەدوای یەک تێپەڕێنین، بەڵکوو هەنگاویش بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر بهاوێژین و لە چەندین بواردا بتوانین سەرکەوتنی گەورەش بەدەست بهێنین.
پێش هەموو شتێک داوای من لە گەنجانی خۆشەویست ئەوەیە کە ئێوە پێویستە زیاتر لە هەموو شتێک وڵاتەکەتان خۆش بوێت. پێش ئەوەی بێمە ئێرە دوو گەنج ڕێگەیان لێ گرتم و گوتیان ئەگەر دوو ئامۆژگاریمان بکەی چی دەبن ئەو ئامۆژگاریانە؟ ئامۆژگاری یەکەمم ئەوە بوو کە وڵاتەکەتان خۆش بوێت. دووەم، بڕواتان بە خۆتان هەبێت. سەیری وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا بکەین، هیچ کەسێک نەهاتووە وڵاتی ئەوانەیان بۆ دروست بکات؛ بەڵکوو توانای گەنجەکانی ئەوان بووە کە وایان کردووە وڵاتیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشکەوتن هەنگاو بنێن. ئێمە هیچمان لەم وڵاتانە کەمتر نییە. بەرامبەر بەم هەستە نیشتمانپەروەرییە، بەرامبەر بەم خۆشەویستییە بۆ وڵات و بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە، هێزێکی تری نامۆ هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە کە گەنجەکانمان نائومێد کەن، ڕوو لە هەندەران کەن، بڕوایان بە وڵاتەکەی خۆیان نەمێنێ، هیچ خۆشەویستیان بۆ ئەم خاکە نەمێنێ. وەڵامی ئێمە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت گەنج و وڵات لێک تەر داببڕن، ئەمەیە کە گەنجەکانمان زیاتر لە هەموو کەسێک قەدری ئەم خاکە دەزانن، چونکە دەزانن بست بستی ئەم خاکە شوێنی خوێنی شەهیدەکانمانە و بست بستی ئەم خاکە پیرۆزە.
خۆشحاڵم کە دەبینم ئەمڕۆ بە سەدان گەنجی بەتوانا و بەهرەمەند لێرەدا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بیرۆکەکانیان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەن، بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانیان پیشانی ئێمە بدەن و پێمان بڵێن کە ئاییندەی ئێمە لە دەستێکی ئەمین دایە.
من دەمەوێت ئاماژە بە چەند دەستکەوتێکی ئەم ماوەی حکوومەتی هەرێم بدەم کە بەبێ گومان ئەمەش هەر بە پاڵپشتی و پشتیوانیی ئێوەی خۆشەویست بووە. یەکێک لەو شتانەی کە توانیمان سەرکەوتنی گەورەی تێدا ببینین، ئەوە بوو کە گرنگی بە فرەچەشنکردنی ئابووریی کوردستان بدەین و تەنیا چاومان لە وزە یان نەوت و غاز نەبێت. کارێکی واومان کرد کە جووتیارەکانمان جارێکی تر بۆ زەوییەکانیان بگەڕێنەوە و بەرهەمی ناوخۆی کوردستان بە ئاستێک بگەینین کە بتوانین نەک تەنیا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەرگرین، بەڵکوو بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش هەناردەی بکەین. بۆ یەکەم جار بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی کوردستان هەناردە کراوە و بەردەوامیشە ئەم پرۆسەیە. ئەمە جێگای سەربەرزییە، جێگای شانازییە؛ بەڵام ئەگەر بڕوا بەخۆبوونی جوتیارەکانمان نەبووایە، بڕوا بەخۆبوونی ئەم گەلە نەبووایە، بەبێ گومان ئێمە هەروا دوا دەکەوتین و هەر چاومان لەوە دەبوو خەڵکی تر بێت نانمان بداتێ. ئێستا کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک و ئومێدمان وایە زۆر زۆر لەوە زیاتریش بکەین کە کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراک نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە.
پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە کەش و هەوا لەم ناوچەیەدا تێک بچێت، و بینیمان کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ساڵ وشکەساڵی، باران نەبارین، کێشەی ئاوی بۆ وڵاتەکەی ئێمە دروست کرد. هەوڵی ئەوەمان دا بەنداو و پۆند دروست بکەین بۆ ئەوەی لەم قەیرانە ئێمە بتوانین باشترین سوود لە ئاوی سەرزەوی وەرگرین و چیتر پەنا بۆ ئاوی ژێرزەوی نەبەین کە بەداخەوە زەرەر و زیانێکی زۆری بە ئاوی ژێرزەوی وڵاتەکەمان گەیاندووە. چەندین جار هەوڵ درا لەگەڵ وڵاتانی بیانی، کۆمپانیاکانی بیانی، کە قەیرانی ئاو لە شاری هەولێر چارەسەر بکرێت، بەڵام هەر ساڵێک بە بیانویەک دوا دەخرا، تا گەیشتە ئەو راددەی ئێمە داوامان لە دڵسۆزانی ئەم وڵاتە کرد، خەڵکی شاری هەولێری خۆشەویست، ئەندازیارانی خۆماڵی کە خۆیان هاتن دیزاینیان کرد بۆ گەیاندنی ئاوی خێرا بۆ شاری هەولێر و نەک تەنیا 12 ساڵ، بەڵکوو بە 12 مانگ توانیان گەورەترین پرۆژە لەسەر ئاستی عێراق لە شاری هەولێر دروست بکەن بە باشترین شێوە، و هەموومان بینیمان کە توانیمان لەو ماوەیەدا ئاو لە زێی گەورە بۆ شاری هەولێر بگوازینەوە.
بەشی دووەمی پرۆژەکەش لە ڕێگەیە، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیک ئەوەش دەکرێتەوە و شاری هەولێر و دەوروبەری هەولێر هەموویان سوودمەند دەبن لە گەیاندنی ئاو بۆ ئەم شارە. چەندین پرۆژەی هاوشێوە هەیە لە چەمچەماڵ، لە ئاکرێ، لە شوێنەکانی تری کوردستان کە دیسان هیوامان وایە بە کاتێکی زوو بتوانین ئەو پرۆژانەش تەواو بکەین کە خەڵکی ئێمە ئیتر لە کێشەی بێ ئاوی ڕزگاریان ببێت.
بەشێکی تری دەستکەوتەکانی ئەم حکوومەتە دروستکردنی ڕێگەوبانە؛ لەوانەیە هەموومان بینیبێتمان بەو ڕێگانەدا هاتوچۆمان کردبێت، و هەندێک جار ئەم ڕێگانە بەداخەوە بوونەتە شوێنی مەرگ لەبەر ئەوەی کە ستانداردی نێودەوڵەتی نەبوون، بە شێوەیەکی ستاندارد دروست نەکرابوون، یانیش لەبەر هۆکاری بەخێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکان تووشی ڕووداوی ناخۆش بووین و چەندین کەسی ئازیزمان لەدەست داوە. ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێم بووە، ئەمە بووە کە ڕێگاکان بە ئاستێکی نێودەوڵەتی دروست بکات، و لە ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ، کە ڕێنمایی بۆ هاژۆتنی سەیارەکان دەر بکات کە چۆن هاووڵاتییان ئەگەر پابەند بن، دەتوانن ڕێژەی ڕووداوەکان کەم کەنەوە. لە خوا بەزیاد بێت دەبینین کە هەڵمەتی دروستکردنی ڕێگە و بانەکان، هی ڕێگەی خێرا لە بەینی شارە گەورەکان و لەناو خودی شارەکانیش، کۆڵان و شەقامەکان هەموویان قیڕتاو کراون، شوێنی جادەی زۆرباش و شەقامی زۆرباش دروست کراون، ڕێگەی خێرای باش دروست کراون. هیوادارم هاووڵاتییان هەم سوودمەند بن لێی، هەم ئەم ڕێنماییانە لەبەرچاو بگرن بۆ سەلامەتی خۆیان و هەموو هاووڵاتیانی تر. ئەمەش دەستکەوتێکی تری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە بە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی ئەم ژێرخانە گرنگە بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان و سوودوەرگرتنیان لەم پرۆژانە.
بەشێکی تری گرنگ کە زۆر هەوڵمان داوە بۆ ئاسانکاری کردن بۆ هاووڵاتییان، ئەوە بووە کە کەرتی بانکی، یاخود سیستەمی ماڵی لە کوردستان بە شێوەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی بەرەو پێشەوە ببەین. بەداخەوە بەشێک لەم کەرتە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە و پێویستە ئێمە پابەندی هەندێک ڕێنمایی لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدراڵی بین، بەڵام بە هەموو شێوەیەک هەوڵمان داوە کە ڕەزامەندی حکوومەتی فیدراڵی، بەتایبەتی بانکی ناوەندی عێراقی وەرگرین تا کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین. ئەم کەرتی بانکییە نەک تەنیا بۆ ئەوەیە کە مووچەی هاووڵاتییان لە بانکەکان بدرێ، بەڵکو بانکەکان ببن بە شوێنێک کە یارمەتی هەموو هاووڵاتییەک بدەن بتوانن قەرزی گەورە و بچووک بە هاووڵاتییان بدەن تا ئەو هاووڵاتییانەش بتوانن لە بەرژەوەندیی پرۆژەکانی خۆیان بەکاری بهێنن.
دروستکردنی سێکتەری بانکی و پێشخستنی سێکتەری ماڵی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە وەرچەرخانە گەورەکانی ئەم حکوومەتە کە پێم وایە لە ئاییندەدا دەتوانێت یارمەتیدەرێکی گەورەتر بێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و متمانە بەخشین بە وەبەرهێنەری ناوخۆیی و هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بتوانن سوودمەند بن وەک هەموو کەسێک لە هەموو وڵاتانی جیهان، لە وڵاتانی جیهانی پێشکەوتوو کە زۆر زۆر سوود دەبینن لەم سێکتەرە. ئێمە دیسان لێرەدا هەنگاوی باشمان بڕیوە، دەستکەوتی باشمان بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا ماوە و ئومێدوارم بە بوونی ئێوەی خۆشەویست بتوانین زۆر زۆر لەمە زیاتریشمان دەست بکەوێت. هەر لەبەر ئەوەش دەمەوێت ئاماژە بەو خاڵە بدەم؛ چونکە زۆربەی ئەم کارانەی کە کراون، بە دەستی گەنجی ئەم وڵاتە کراون.
ئەم پرۆژانەی من باسیان دەکەم، هەموویان گەنجی ئەم وڵاتە، گەنجی خۆشەویستی ئەم وڵاتە، کە زۆر لەوان بەتەما بوون نائومێدیان کەن، پێیان بڵێن ئێوە هیچتان پێ ناکرێت. هەر ئەم گەنجانە ڕووبەڕووی ئەم پرۆپاگەندانە بوونەتەوە. هەر ئەم گەنجانە ویستیان بێن و خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن. لەسەر ئێمە بوو ڕێگەیان بۆ خۆش بکەین، پشتیوانیان بکەین، و ئەوەی لە دەستی ئێمەدا بوو، ڕێگەمان بۆ خۆشکردن، پشتیوانیمان کردن، و داوامان لێ کردن کە بێن یارمەتیدەری ئێمە بن، خۆیان وڵاتی خۆیان دروست کەن. و ئەم دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ دەیبینین، بەرهەمی خەبات و ڕەنجی ئەو گەنجە خۆشەویستانەیە.
بە دیجیتاڵکردنی سیستەم و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی ترە. ئەم خزمەتگوزاریانەی کە حکوومەتی هەرێم بە هاووڵاتییانی خۆشەویست پێشکەش دەکات، ئەمە بێگومان پێویستی بە زانستە، پێویستی بە شارەزاییە. ئەو گەنجە خۆشەویستانەی کە لەگەڵ زانست و تەکنەلۆژیای سەردەمدا زیاتر توانایان هەیە خۆیان پێ بگەینن، هەر ئەو کەسانەن کە دەتوانن لە هەموو ڕوویەکدا وڵاتەکەمان بەرەو پێش ببەن. و ئەم جۆرە خزمەتگوزاریانەش ئەوان دەتوانن باشتر و باشتر و باشتری بکەن. بۆیە من ئەو شتانەی کە عەرزی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستی دەکەم، بۆ ئەوەیە پێتان بڵێم، کە ئەمانە بەڵێن نین، ئەمانە شتێک نین لە داهاتوودا کە گومانمان هەبێت لەوەی ئایا دەکرێن یان نا. ئەوانە هەموویان ئەو بیر و باوەڕانە بوون کە لە سەرەتاوە، پێش چەند ساڵێک، هەمانبوون و لەگەڵ ئێوە قسەمان کرد، گوتمان ئێمە دەتوانین پێکەوە هەموو ئەو دەستکەوتانەمان هەبێت. ئەمڕۆ ئێمە لێرە شاهیدی بەدەستهێنانی هەموو ئەو دەستکەوتانەین. ئەمە بەرهەمی خۆتانە. ئەمە بڕوا بەخۆبوونی ئێوەیە.
لەم ڕۆژەوە، بۆ داهاتوویەکی گەشتر، بۆ کوردستانێکی سەقامگیرتر، بۆ کوردستانێکی پێشکەوتووتر، بڕواتان بە خۆتان هەبێت. ئەوەی خوشک و براکانی ئێوە کردیان، ئێوەش دەتوانن بیکەن. لەوە زیاتریش دەتوانن بیکەن. بۆیە بڕوام پێتانە. دەستخۆشیتان لێ دەکەم. هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن. ڕۆژ بە ڕۆژ سەرکەوتنی گەورەتر تۆمار کەن. هەر ساغ و سەلامەت بن. کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.
پرۆژەی ڕۆناکی یەکێک بوو لەو پرۆژانەی کە باوەڕ بکەن کەس بڕوای نەدەکرد ئێمە بتوانین لە ماوەیەکی وا کەمدا بتوانین کارەبای 24 کاتژمێری لە کوردستان دابین بکەین. هەر بۆ بەراوردکردن، حکوومەتی فیدراڵی عێراق زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن. ئەمەش بە هەوڵ و کۆششی گەنجە خۆشەویستەکانی ئێمە کە شەو و ڕۆژ خەریک بوون و یارمەتیدەری وەزارەتی کارەبا بوون، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر کە بتوانن کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەن. شوکر بۆ خوا ئەمڕۆ هەموو سەنتەری شارە گەورەکانی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین. پارێزگای هەڵەبجە بە شانازییەوە یەکەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق کە کارەبای 24 کاتژمێری لەسەرتاسەری پارێزگاکە هەیە. و تا کۆتایی ساڵی 2026، هەموو کوردستان بە هەموو گوند و شار و لادێیەکەوە، دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە و حەقە شانازی بە خۆتانەوە بکەن، چونکە ئەمەش دەستکەوتی خۆتانە. جارێکی تر سپاستان دەکەم.