تەندروستیی عێراق: 226 حاڵەتی خنکان بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆمارکراون

شەپۆلی خۆڵبارین
شەپۆلی خۆڵبارین

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند؛ بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، 226 حاڵەتی خنکان و تەنگەنەفەسی لە چەند پارێزگایەک تۆمارکراون.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، عەبدولحوسێن ئەلموسەوی، وەزیری تەندروستی، بەدواداچوونی بۆ رێکارەکانی فەرمانگە تەندروستییەکان کردووە و رێنمایی داوە بە بەردەوامبوونی ئامادەباشی تەواوی دامەزراوە تەندروستییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە هاووڵاتییان.

وەزیری تەندروستی جەختی لە گرنگی ئامادەکردنی هۆڵەکانی فریاکەوتن، ئەمبوڵانسەکان، دابینکردنی ئۆکسجین، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان کردووەتەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئامادەباشی ستافە پزیشکی و پەرستارییەکان لە هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکاندا.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاماری بەڕێوبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییە بەپەلەکان تائێستا 226 حاڵەتی خنکانی تۆمارکردووە، و ئاماری وردی حاڵەتەکان لە کاتێکی دیکەدا بڵاودەکرێتەوە.