چالاکانی کەشتیگەلی خۆڕاگری: لە ئیسرائیل سوکایەتیمان پێکراوە

ساتی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکی گەیاندنی هاوکارییەکان
ساتی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکی گەیاندنی هاوکارییەکان

دوای دیپۆرتکردنەوەیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بەشێک لەو چالاکانەی "کەشتیگەلی خۆڕاگری"، هەوڵیاندا گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنن و هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە فەڵەستینییەکان، دەڵێن، دوای دەستگیرکردنمان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە سوکایەتیمان پێکراوە.

ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی، ساڤێریۆ تۆماسی،  یەکێک بوو لە چالاکوانە دەستگیرکراوەکان، دوای دیپۆرتکردنەوە و گەیشتنەوەی بە فڕۆکەخانەی ڕۆما، گوتی "سەربازە ئیسرائیلییەکان وەک مەیموون مامەڵەیان لەگەڵ کردووین و لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵمان بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی مافەکانی مرۆڤیان نەدەکرد".

ڕۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە گوتیشی؛ سەربازانی ئیسرائیل بەبێ جیاوازیی هەرچی دەرمان و پێداویستی بوو، لێیان سەندین، تەنانەت دەرمانیان لەو کەسانەش سەندەوە کە نەخۆشی دڵ و تەنگەنەفەسیان هەبوو. ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای ئیسرائیل وەک سوکایەتی پێکردن، چالاکوانی سوێدی، گرێتا سەنبێرگی لە هەمووان جیاکردووە و بەتەنیا و بە قۆڵبەستکراوی لە تەنیشت ئاڵایەکی ئیسرائیل دایاننابوو.

وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئیتمار بن گڤیر ڕایگەیاند، "شانازی بە مامەڵەی ستافی بەندینخانەکە دەکەم و هەر کەسێک پاڵپشتی تیرۆر بکات، دەبێت وەک تیرۆرستێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و هەرکەسێکیش وایزانیووە بە فەرشی سوور و میوزیک پێشوازیان لێدەکەین، زۆر هەڵە بووە"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش لەسەر قسەی چالاکوانە دیپۆرتکراوەکانی کەشتیگەلی خۆڕاگری هاتە دەنگ و گوتی، ئەو قسانە درۆی شاخدارن.

"کەشتیگەلی خۆڕاگری" کۆتایی مانگی ڕابردوو بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە خۆراک و پێداویستی تەندروستی کەناراوەکانی ئەورووپایان و بەرەو غەززە بەجێهێشت، بەڵام سوپای ئیسرائیل هۆشداری پێدابوون لەوەی کە ناتوانن گەمارۆکان بشکێنن و ڕێگەی گەیشتنی هاوکارییەکان نادات، لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستبەسەر هەر 42 یەختی کەشتیگەلەکە داگیرا و سەرجەم سەرنشینانیان، کە نزیکەی 450 چالاکوان بوو، دەستگیرکران.

 
 
Fly Erbil Advertisment