مەسرور بارزانی داوا لە گەنجانی کورد دەکات پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە گەنجانی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد، پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان, پێشوازی لە شاندێکی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد کە لە سەد گەنجی کورد و ژمارەیەک گەنجی بیانی پيکهاتبوو.
سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانیان، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کرد لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە گەنجانی کورد کرد کە پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان.
هەروەها داواشی لێکردن کە نموونەیەکی باش و جوان و سەرکەتوو بن لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی تێیدا دەژین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە دەرەوە هەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان.
سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان .



ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا هەبێت.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) October 5, 2025
هیوادارم پارێزگاری لە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان.