ئانۆ جەوهەر: لە بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێش عێراقین

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێش عێراقن، دەشڵێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە و خزمەتگوزاری هاوشێوەی وڵاتانی دیکە جێبەجێ کراون، هاوکات جەختیش دەکاتەوە بەبێ پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ کام لەو پرۆژانە جێبەجێ نە دەکران
یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانیومانە هێڵی ئینتەرنێت بۆ دوورترین سنوورەکان دابین بکەین، لەگەڵ ئەوەش نرخەکەی بە ڕێژەی 20% کەم بووە و خێراییەکی بە ڕێژەی 100% زیاد بووە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، لەڕووی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت، سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵنگارییە و قەیرانانەی هەبووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێشەوەی عێراقە، بە شێوەیەک بەراورد ناکرێت. دەشڵێت: زیاتر لە دوو ساڵە خزمەتگوزاری 5G مان دابینکردووە، بەڵام بەهۆی حکوومەتی عێراق ڕێگری دەکات پێشکەشی هاووڵاتییان بکەین، بە بیانووی ئەوەی دەبێت خزمەتگوزارییەکە لە هەموو عێراق دابین بکرێت، کە تاوەکوو ئێستا خەریکی دروستکردنین.
ئانۆ جەوهەر ئاماژەشی دا، زۆر گەشبینین بە گەنجەکانی هەرێمی کوردستان، توانایان هەیە، شەن بەشانی وڵاتانی دیکە، ببنە بەشێک لەو شۆڕشەی ئێستا بۆ تێکەڵکردنی AI (زیرەکی دەستکرد)، لە سەرجەم پرۆژەکان، ئاماژەشی دا، کار لەسەر دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد دەکەین، بۆ ئەمەش سوود لە توانای گەنجان دەبینین.
لەبارەی ڕێگای گەشەپێدان وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ڕێگا پێشنیازێکیان پێشکەش حکوومەتی عێراق کردووە، کە ڕێگاکەی کورتترە، تێچووی کەمترە و بەنێو هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، جەختیشی کردەوە، بەبێ تێپەڕبوون بە نێو هەرێم، ئەو ڕێگایە دروست ناکرێت.
گوتیشی: "لەو کابینەیە کاری زۆر باشی هاوشێوەی حکوومەتەکانی دیکەی جیهانی کراوە، ئەوانیش وەک، پرۆژەی ڕووناکی کە بووتە هۆی دابینکردنی کارەبای24 کاتژمێری، پرۆژەی گەورەی ئاوی هەولێر، کە کێشەی 50 ساڵی ئاوی هەولێر چارەسەر کرد و بڕیارە لە شوێنەکانی دیکەش ئەو جۆرە پرۆژەیە دروست بکرێت. هەروەها دروستکردنی ڕێگا و بانەکان بە شێوەیەکی ستاندارد و دانانی کامێراکانی تیژرۆی پۆینت تو پۆینت. لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من کە زیاتر لە 500 هەزار کەس لە سەرانسەر هەرێمی کوردستان خاوەنی هەژماری خۆیانن."
دەشڵێت: ئەگەر پشتگیری و جددییایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، هیچ کام لەو پرۆژانە جێبەجێ نەدەکران.