بڕیارە سبەینێ شاندی ئیسرائیل و حەماس کۆببنەوە

بەرپرسێکی فەلەستینی و سێ سەرچاوەی ئیسرائیلی ئاشکرایان کرد، بڕیارە، سبەی دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025 دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئیسرائیل و شاندی بزووتنەوەی حەماس لە هاوینەهەواری شەرەم شێخ لە میسر، لە بارەی ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە دەست پێ بکات.
سەرچاوەکان ئاماژیانداوە، دانوستانەکان ناڕاسەوخۆن، بەڵام هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە دەستپێشخەری بۆ کراوە و پلانێکی 20 خاڵی لەخۆ دەگرێت.
لەمبارەوە شۆش بادریۆسان، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند، ئەمشەو شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل بەرەو قاهیرە بەڕێ دەکەون و سبەینێ دانوستانی تەکنیکی دەست پێ دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە جیا لەوەی حەماس زیاتر لە 48 کاتژمێرە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە کە پابەندی پێشنیازەکەی ترەمپ دەبێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان، ئەمڕۆ یەکشەممەش جارێکی دیکەی لە زاری سەرکردەیەکییەوە خەجتی لە هەڵوێستی پابەندبوونی کردووەتەوە، کە چەک دادەنێن و غەززە جێدەهێڵن. بەڵام بە قسەی عاسم نەبییە گوتەبێژی شارەوانی غەززە، کە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی کەرتەکە تاوەکو ئێستاش لە ژێر تۆپباران و بۆردومانە چڕەکانی سوپای ئیسرائیل ژیانیان لە مەترسییە، بەهۆیەوە تا دێت بارودۆخی غەززە خراپتر دەبێت و خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبنەوە، بە تایبەتی خۆراک و ئاوی خواردنەوە.
ئاماژەیداوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەنگی تۆپباران و بۆمببارانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بیستراوە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانی ئەو ناوچانەی گومان دەکات، حەشارگەی چەکدارانی حەماسن، دەشڵێت: بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ناوچانە پڕن لە خەڵکی مەدەنی و ژمارەی دانیشووانیان زۆرە، هەروەها لەو ناوچانەدا بارمتە ئیسرائیلیەکان لە لایەن حەماسەوە دەستبەسەرن و گیانی ئەوانیش لە مەترسیدایە.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی تروس شۆشیەل پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسی: ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاتی بۆمببارانکردنی غەززەی لەپێناو ئازادکردنی دیلەکان و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە، بۆ ئەمەش هەوڵەکەی بەرز دەنرخێنم، بەڵام بە گوێرەی ئامارێکی کەرتی تەندروستی غەززە لە شەممەوە تاوەکوو ئەمڕۆکە بە هۆی بەردوامی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل 67 فەڵەستینی کوژراون، کە لە نێوانیاندا 45 کەسیان دانیشتووانی کەرتی غەززەن.