هەسەدە: بەهۆی هێرشی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق حەوت کەس برینداربوون

هەسەدە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق لە دەوروبەری دێر حافر حەوت کەس برینداربوونە، دەشڵێت، ئەم هێرشە نیازی ئەوان بۆ دروستکردنی پشێوی و تێکدانی سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پیشان دەدات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشییان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە دەوروبەری دێر حافر، لە ئەنجامدا سێ لە سەرباز بە سووکی بریندار بوون. هەروەها لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، درۆنێکی دیکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج کە ئەرکییان پاراستنی هاووڵاتییان بووە، کە بووە هۆی برینداربوونی چوار سەربازی دیکە."
باسیشی لەوە کردووە، "چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بەردەوامن لە فراوانکردنی هێرش و پێشێلکارییەکانیان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە تێیدا سەربازانمان و هاووڵاتییانی سڤیل دەکەنە ئامانج، وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەم هۆیەشەوە، گەڕەکە سڤیل نشینەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی تۆپبارانی هەڕەمەکی دەبنەوە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە لەنێو دانیشتوواندا."
هەسەدە دەشڵێت: ئەم هێرشە بەردەوامانە، بە ڕوونی نیازی چەکدارانی حکوومەتی دیمەشق بۆ دروستکردنی پشێوی و تێکدانی سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا دەکات، هەروەها هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو دۆخە ئارام و ڕێکخراوەیەی کە خەڵکی ناوچەکە تێیدا دەژین. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) جەخت دەکاتەوە کە لەسەر ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی گەلەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوی هەسەدە ئاماژەی بەوەش دراوە، "چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق لە 20ـی ئەیلوولی 2025 کۆمەڵکوژییەکیان لە دێر حافر ئەنجام دا، کە بەهۆی تۆپبارانی هەڕەمەکییان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان، هەشت هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا، کە تێیدا ژن و منداڵیان هەبوون."