چاپکردنی پۆستەری بانگەشە لە دەرەوە، بازاڕی چاپخانە ناوخۆییەکانی لاواز کردووە

پشتبەستنی بەربژێرەکان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاپخانەکانی دەرەوەی وڵات، بازاڕی چاپخانە ناوخۆییەکانی لاواز کردووە. ئەمەش خاوەن چاپخانەکانی نیگەران کردووە، کە بە وتەی خۆیان، چاویان لە وەرزی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە، بەڵام چاپکردنی پۆستەر و فلێکس و ڕیکلامی بەربژێرەکان لە دەرەوەی هەرێم، زیانێکی گەورەیان پێدەگەیەنێت.

لە هەر خولێکی هەڵبژاردندا، چاپخانەکان دەکەونە ناو "شۆڕشێکی کارکردنەوە" و ڕەنگی دروشمەکان و وێنەی بەربژێرەکان چاپ دەکەن. چاویان پێش بەربژێرەکان بە دەستپێکردنی بانگەشە گەش دەبێتەوە، بەڵام گەشبوونەوەیەکی سنووردارە بەهۆی چاپکردنی زۆربەی پۆستەرەکان لە دەرەوەی کوردستان.

عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت، توانای چاپکردنی هەزاران پۆستەرمان هەیە. تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنی تورکیا و ئێرانیش بێت، ئێمە دەتوانین بە باشترین کوالیتی و نرخێکی گونجاو کاریان بۆ بکەین و بۆیان هەناردە بکەین."

گوتیشی: "چاپکردن لە دەرەوە دوو زیانی گەورەی هەیە؛ یەکەمیان ئەوەیە کە سەرمایەکەمان بە کاش دەچێتە دەرەوە، دووەمیشیان ئەوەیە کە گەنجەکانمان بێکار دەبن."

لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە بەربژێرەکان چاپخانە ناوخۆییەکانیان هەڵبژاردووە بۆ چاپکردنی پۆستەرەکانیان، چونکە هەم لە کوالیتییەکەیان ڕازین و هەمیش دەیانەوێت سوود بە ئابووری ناوخۆ بگەیەنن.

سەفین یاسین، یەکێک لە بەربژێرەکان، دەڵێت: "چاپەمەنییەکانی هەولێر کوالیتی و ئامێری باشیان هەیە، هەمان ئەو ئامێرانەن کە لە وڵاتانی دیکە هەن. بۆیە باشترە سەرمایەکە لە کوردستان بمێنێتەوە. چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا بەربژێرەکان پۆستەرەکانیان لە کوردستان چاپ بکەن، چونکە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ دەرەوە نییە."

ئەم پۆستەرانە، جگە لە ناساندنی بەربژێرەکان، سەرچاوەی بژێوی خاوەن چاپخانەکان و کارمەندەکانیانن. بەڵام لەبەرئەوەی زۆربەی بەربژێرەکان کارەکانیان لە دەرەوە چاپ دەکەن، پارەیەکی زۆر دەچێتە دەرەوە، لەبری ئەوەی لەناوخۆدا بسووڕێتەوە و چاوەڕوانیی چەندان ساڵەی ئەو شەش هەزار و 464 چاپخانەیەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بێ بەرهەم دەمێنێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment