هێمن نەزیف: کەمتر لە دوو مانگی دیکە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو تەواو دەبێت

بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر ئاشکرای دەکات، لەماوەی مانگێک بۆ مانگێک و نیوی دیکە، پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تەواو دەبێت و کێشەی کەمئاوی هەولێر کۆتایی دێت.
دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەندازیار هێمن نەزیف، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەدا 95ـی کارەکانی پرۆژەکە جێبەجێکراون، ئەوەی ماوە، لەماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی دیکە، پرۆژەکە کۆتایی دێت و ئاو دەگاتە هەموو ئەو گەڕەکانەی چەندین ساڵ بوو کێشەی کەمئاویان هەبوو، بەمەش کێشەی کەمئاوی لە هەولێر کۆتایی دێت.
سەرپەرشتیاری پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر ڕایگەیاند: ئەو هێلەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا تاقیمان کردەوە کە هێلی دووەمی پرۆژەکە بوو، دەکەوێتە لای چەپی نێو بازنەی شەقامی 120 مەتری، 7 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا دەگوازێتەوە.
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ڕایگەیاند: جگەلە یەکەی وەرگرتنی ئاو و پاڵاوتنی ئاو لەسەر ڕووبار، لە گوندی سێبیران ئەو بڕە ئاوە لە چوار ئەمبار بە قەبارەی 30 هەزار و 20 هەزار مەتر سێجا ئاو ئەمبار دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد، ئە هێلەی ئێستا کار دەکات و ئاو دابەش دەکات، لە باغلومنارە و قەتەوی، گەڕەکی ژیان، دارەتوو، بنەسڵاوە و حەسارۆکدا تێپەڕ دەبێت و ئاویان پێدەگەیەنێت، ئەو هێلە ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 120 مەتری لە ڕەشکین تاکوو شەقامی کۆیە، 7 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا دەگوازێتەوە هەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە نێوان ئەو شەقامە و ڕەشکین، هێلەکە لە گوندی سێبیرانەوە درێژدەبێتەوە بە گوندی گەزنە، گردجووتیار، بەحرکە، شاوێس، پیرڕەشدا تێپەڕ دەبێت و هەموو ئەو ناوچەیە لە کێشەی کەمئاوی ڕزگار دەکات.
هێمن نەزیف دەڵێت: ئەو هێلەی لە لای چەپی ناو شەقامی 120 مەتری، لە گوندی ڕەشکینەوە بۆ نێو هەولێر تێپەڕ دەبێت، گەڕەکی 32 پارک، شادی و گەڕەکی ڕاستی دەگرێتەوە و ئاویان پێدەگات.
سەبارەت بەو گەڕەکانەی گەڕەکانەی تا ئێستا ئاوی پرۆژەی فریاگوزاری خێرایان پێنەگەیشتووە، ئەندازیار هێمن نەزیف گوتی: بەیەک بەستنەوەی هێلە ناوخۆییەکانی عەنکاوە ماوە کە لەماوەی 10 ڕۆژدا تەواو دەبێت، دەشڵێت: کۆی پرۆژەکە لە مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی دیکە تەواو دەبێت و ئاو دەگاتە تەواوی ئەو گەڕەک و ناوچانەی هەولێر کە چەندین ساڵە کێشەی کەمئاویان هەیە
