بەسرە.. گیان لەدەستدانی کچێکی چوار ساڵان بەهۆی ئایدزەوە کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە

گیانی لەدەستدانی کچێکی چوار ساڵان بەهۆی نەخۆشی ئایدز و تووشبوونی کوڕێکی 14 ساڵان بە هەمان نەخۆشی، نیگەرانی لەلایان هاووڵاتییان دروستکرد و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤیش ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە دەستیپێکردووە.
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند: کچە چوار ساڵانەکە بەهۆی نەخۆشی ئایدز گیانی لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی وەرگرتنی خوێنی تووشبوویەکی نەخۆشی ئایدز، لە دامەزراوەیەکی چاودێری تەندروستی لە بەسرە، تووشی ئەم نەخۆشییە بووە.
مەهدی تەمیمی، ئاماژەی بەوە کرد، کوڕێکی تەمەن 14 ساڵان بە هەمان هۆکار تووشی نەخۆشی ئایدز بووە، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، ئەمەش نیگەرانی هەبوونی خوێنی تووشبووی دیکە لە نەخۆشخانەکان زیاتر دەکات و متمانە لە دەستدەدات.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە دەستپێکردووە، پێویستە بەدواداچوونی ورد و جیددی لەسەر ئەم ڕووداوە بکرێت، گیانی هاووڵاتییانیش دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی تەندروستی پارێزگایەکە.
گیانی لەدەستدانی کچە چوار ساڵانە، دەنگدانەوەی زۆری لەنێو میدیای عێراقی دروستکرد و هاووڵاتییانیش نیگەرانن لە خراپی دامەزراوە تەندروستییەکانی ئەو پارێزگایە.