گەڕی یەکەمی دانووستانەکانی ئاگربەستی غەززە لە میسر کۆتایی هات

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2025 کەناڵی 'قاهیرە نیووز' کە سەر بە هەواڵگری میسرە ڕاگەیاند، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ناوبژیوانان و بزووتنەوەی حەماس لە شاری شرم شێخی میسر لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆتایی پێهات. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتیکردەوە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەبارەی غەززەوە نزیکە.
لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەک بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ناوبژیوانان لەگەڵ شاندی حەماس "ئەرێنی" بووە و تێیدا نەخشەڕێگا و میکانیزمەکانی خولی ئێستای گفتوگۆکان خراونەتەڕوو.
شاندی حەماس دڵنیاییان داوەتە ناوبژیوانان، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە، بەردەوامیی بۆردومانەکانی سەر غەززە، ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم پرۆسەی ئازادکردنی دیلەکاندا دروست دەکات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشدا، شاندی حەماس پێکهاتووە لە خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین، کە لە دەوحەوە گەیشتوونەتە میسر.
کەناڵی هەواڵی قاهیرەی میسری بڵاویشیکردووەتەوە، گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لەنێو "کەشێکی ئەرێنی"دا کۆتایی پێهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی ئێستا "نزیکترین دانوستانن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە."