باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق: بە ئارامی هەولێر و کوردستان سەرسامین

نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق
نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەڵێت: بە ئارامی هەولێر و کوردستان و سەرسامین و دەخوازین کۆمپانیای زیاتری ئیتاڵیا بێنینە کوردستان.

نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 گوتی: یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی من وەک باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ئەوەیە، سەرنجمان بخەینە سەر ئەوەی کۆمپانیای زیاتر بێنینە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیتاڵیا کاریگەرییەکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵدا هەیە، لە سەرەتای مانگی تەمووزی ڕابردوودا، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە ڕۆما پیشوازیی لە شاندێکی هەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکاندا سەرنجەکە لەسەر ئەوەبوو کە، لە کەرتی کشتوکاڵ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بێنە کوردستان، گوتی: پلانێکمان هەیە لە چەند هەفتەیەکی داهاتوو ئەو کۆمپانیا ئیتاڵیانە بێنە کوردستان، ئەوانیش جێی پەنجەی خۆیان لە کوردستان بەجێبێڵن.

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق گوتی: کاتێک وەبەرهێنەرەکانمان دێنە کوردستان، سەرنجیان لەسەر ئاسایشە، بەلای ئیتاڵیاوە ئاسایشێکی زۆر باش لە هەولێر و کوردستان هەیە و پێی سەرسامین. 

لەبارەی کۆچی نایاسایی، باڵیۆزی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەکرد، دەرفەتی ڤیزا وەرگرتن بۆ خەڵکی کوردستان هەیە سەردانی ئیتاڵیا بکەن، بەتایبەتیش گەنجانی کوردستان کە بۆ خوێندن و کار دەچنە ئیتاڵیا، ئەوانەی توانایان هەیە خزمەتی ئیتاڵیا بکەن، ڕاشیگەیاند: خەڵکێکی زۆر لە عێراق و کوردستان داوای ڤیزا دەکەن و سەدا 35ـی پێدانی ڤیزا لە کوردستان هەیە، سەدا 25 لەو ڤیزایانە ڕەت کراونەتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە دیکۆمێنتەکان ئەوانەی داوای فیزایان کردووە، گوتی: ئێمە داوامان ئەوەیە هاووڵاتییان چاویان لەسەر وێب سایتی کونسوڵخانە بێت بۆ زانینی ڕێنماییەکانی پێدانی ڤیزا.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی عێراقیش، باڵیۆزی ئیتاڵیا گوتی: هیوادارین هەڵبژاردنەکان ببنە هۆی سەقامگیری لە عێراقدا، پێویستە عێراق بەدوور بێت لەهەر ئاڵنگارییەکی هەرێمیی و شەڕ و ئاڵۆزییەک، تیشکی خستە سەر ئەوەی، پێویستە عێراقییەکان سەرنجیان لەسەر ئابووری بێت، گوتی: هیوادارین حکوومەت لە کاتێکی زوودا لە عێراقدا پێکبێت.

لەبارەی دیموکراسیەتیش لە عێراق، باڵیۆزی ئیتاڵیا گوتی: پێم وایە دیموکراسیەت لە عێراق کاتی دەوێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment