دووساڵ بەسەر شەڕی غەززە تێدەپەڕێت

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە دووەمین ساڵیادی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە باکووری کەرتی غەززە مووشەکێک بەرەو ئیسرائیل هەڵدراوە بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە کە لە نەتیڤ عەشرە 'لە باشووری ئیسرائیل نزیک سنووری کەرتی غەززە' لێدرا، مووشەکێک لە باکووری غەززەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدرا و گومان دەکرێت دەکرێت هەر لەو ناوچەیە کەوتبێتە خوارەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە."  

خانەوادەی قوربانیانی فێستیڤاڵی 'نۆڤا' لە باشووری ئیسرائیل بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی دووەمین ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئامادەبووانی ئەم فێستیڤاڵە دەکەنەوە.

خێزانی قوربانیانی ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا لە باشووری ئیسرائیل بەیانی ڕۆژی سێشەممە خولەکێک بێدەنگییان ڕاگرت بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی خۆشەویستانیان لە هێرشێکی بێ وێنەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمدا. ساڵی 2023 کە شەڕی بەردەوامی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی فەلەستینی لە کەرتی غەززە هەڵگیرسا. 

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر فێستیڤاڵی میوزیکی 'نۆڤا' لە ئیسرائیل و ژمارەیەکی زۆری ئامادەبووان کوژران، ئەمڕۆ سێشەممە، خانەوادەی کوژراوانی فێستیڤاڵەکە بە خولەکێک وەستان بەبێدەنگی یادی دووەمین ساڵەی ڕووداوەکەیان کردەوە.

دەزگای فریاگوزاریی و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین 'ئۆنروا' ڕایگەیاند، دوو ساڵ بەسەر شەڕی غەززەدا تێدەپەرێت، کە زیاتر لە 66 هەزار کەس کوژراون. ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی تەواوی دانیشتوانی غەززە ئاوارە بوون، هەروەها 80%ی باڵەخانە و خانووەکان وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 370 کارمەندی ئۆنرواش کوژراون.

ئاماری سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل  

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماری کۆی گشتیی ئەو سەربازانەی بڵاوکردەوە کە لە بەرە و ناوچە جیاجیاکاندا کوژراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە ڕۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە لە 7ـی  ئۆکتۆبەری 2023، هەزار و 152 سەرباز و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەم ئامارە، سەربازانی سوپای ئیسرائیل، پۆلیس، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ 'شاباک'، کارمەندانی دەزگای زیندانەکان و ئەندامانی تیمەکانی ئامادەباشی لەخۆدەگرێت، کە لە کەرتی غەززە، باشووری لوبنان و کەناری ڕۆژئاوا کوژراون.

ئاماری کوژراوانی فەڵەستینییەکان 

سەرچاوە پزیشکییەکانی کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئاماری کوژراوانی فەڵەستینییەکانی شەری غەززەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 67 هەزار و 160 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 169 هەزار و 679 کەسی دیکەش برینداربوون. کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.  

پێشنیازیی پلانە 20 خاڵیەکەی دۆناڵد ترەمپ

ڕۆژی 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە خستەڕوو، کە لەپلانەکەدا هاتووە، دەبێت حەماس سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، هەروەها چەک دابنێن، لەبەرانبەریشدا ئیسرائیل شەڕ ڕابگرێت و هێزەکانی لە کەرتەکە بکشێنێتەوە.  

هەروەها پلانەکە دانانی هێزێکی ئەمنی لە فەڵەستینییەکان و سەربازانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نەخشەڕێگەیەک بۆ دەوڵەتی فەڵەستینی لەخۆدەگرێت.

وەڵامەکەی حەماس

درەنگانی شەوی هەینی (03ـی ئۆکتۆبەری 2025)، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە خاڵەکان نیشان دا، بەڵام جەختی کردووەتەوە، هەندێک بڕگەی دیکەی پێشنیازەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە. 

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کە حەماس قبووڵی کردووە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستینی. 

هەروەها حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات بکات بە ڕەزامەندی نیشتمانی فەڵەستینی و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.

کاردانەوەی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پێشوازی لە وەڵامەکەی بزووتنەوەی "حەماس"ـی فەڵەستینی بۆ پێشنیازەکەی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد. 

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیەنراوەی حەماس، من پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە بوەستێنێت، تاکو بتوانین بە سەلامەتی و بەخێرایی بارمتەکان بهێنینە دەرەوە! لە ئێستادا، کردنی ئەوە زۆر مەترسیدارە."

ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە "ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین لەسەر وردەکارییەکان کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت. ئەمە تەنیا تایبەت نییە بە غەززەوە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاشتییەکی لەمێژینەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

کاردانەوەی ئیسرائیل

نووسینگەی ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل "ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی قۆناغی یەکەمی پلانی سەرۆک ترەمپ بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان." سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە هێرشبەرییەکان لە غەززە.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەشبینییەوە پێشوازی لەم پێشهاتانە کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر، میسر و چەندین وڵاتی ئەوروپی هیوایان خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.

ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

بەڕێوەچوونی یەکەم گەڕی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە میسر

دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025،  میدیاکانی میسر بڵاویان کردووەتەوە، دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەر دوو شاندی حەماس و ئیسرائیل لە شەرم شێخ بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە بەڕێوەچوو.

کەناڵی "قاهیرە"ی میسری، لەو بارەوە ڕایگەیاند، شاندەکان "گفتوگۆ لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن. ئاماژەشی داوە، "میسر و قەتەر لەگەڵ هەر دوو لایەن کار دەکەن بۆ دامەزراندنی میکانیزمێک" بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و زیندانییەکان.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرکردایەتی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: ئەم خولەی دانوستانەکان، لەوانەیە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، گوتیشی: پێشبینی دەکەین دانوستانەکان قورس و ئاڵۆز بن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment