کارکردن لە پڕۆژەی دوو سایدی دوکان چوارقوڕنە دەستی پێکردەوە

کارەکان دەستیپێکردەوە

K24- هەولێر:

بە بڕیاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن،  کارکردن لە پڕۆژەی دوسایدی دوکان چوارقوڕنە دەستی پێکردەوە.

دوای سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ پڕۆژەکە، کارکردن لە پڕۆژەی دوسایدی دوکان چوارقوڕنە دەستی پێکردەوە.

پڕۆژەکە لە سێ قۆناغ پێکھاتوە، قۆناغی یەکەمی کە لە چوارقوڕنە بۆ ھیزۆپە ماوەی چەند رۆژێکە کارکردن تیایدا دەستی پێکردوەتەوەو لەئێستادا رێژەی کارکردنی گەیشتوەتە زیاتر لە 80% ‏و بودجەی ئەم قۆناغە زیاتر لە 52 ملیار دینارە، کە پێکھاتوە لە رێگایەکی دوساید بە درێژی 18.500 کم، لە چەند رۆژی داھاتو بڕگەکانی قیرتاوکردن دەستپێدەکات و کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت تا تەواوکردنی.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە رۆژی 11/10/2020 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوەو دەستەی سەرپەرشتیار و بەڵێندەری راسپارد کە دەستبکەنەوە بەکارکردن و لە نزیکترین کاتیشدا شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بۆ دابین دەکرێت. 

پێشتر بەھۆی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆناو لێکەوتە داراییەکانی پڕۆژەکە وەستابو، لەئێستاشدا بەچڕی کارکردن تیایدا بەردەوامە.