یەکەمین فێستیڤاڵی ترێ ڕەشە لە شارۆچکەی میراوێ بەڕێوە چوو

یەکەمین فێستیڤاڵی ترێ ڕەشە لە شارۆچکەی میراوێ بەڕێوە چوو. بەرپرسانی شارە دەڵێن، ئامانج لە فێستیڤاڵەکە ناساندنی ترێ ڕەشەکەیە وەکوو بەرهەمێکی ناوچەکە، هەروەها دەیانهەوێت هانی وەبەرهێنان بدەن لە بواری دروستکردنی کارگەی پیشەسازی لە ناوچەکەدا.

حیسامەدین بابی گەورە، قایمقامی میراوێ، بە کوردستان 27ـی ڕاگەیاند "دەمانەوێت هانی وەبەرهێنان بدەین بۆ ئەوەی کارگەی پیشەسازیی لە ناوچەکەماندا دروست بکەن. هەروا تواناییە گەشتیارییەکانی ناوچەکەش بناسێنین."

باغداران و خەڵکی ناوچەکەش بە کردنەوەی فێستیڤاڵەکە دڵخۆشن و دەڵێن پێشوازیی خەڵکیش باشە. هیواداریشن فیستیڤاڵەکە ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرسان گوێ لە داخوازییەکانیان بگرن.

قادر کەریم پوور، مامۆستا، دەڵێت: ترێ ڕەشەی ناوچەی میراوێ بە تام و جۆرە نایابەکەی بەناوبانگە، بە داخەوە نەبوونی ساردخانە و کارخانە لە ناوچەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم بەرهەمە تەنیا وەکو خواردنێکی کاتیی بە کار بهێنرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە، خەسار دەبێت.

عەلی ڕۆحی، باغدار دەڵێت: کاری ڕەزەوانی زەحمەت و گرانە، نەبوونی ساردخانە ناچارمان دەکات لە ماوەیەکی کەمدا بەرهەمەکەمان بە دەڵاڵانی شارەکانی تر بە نرخێکی هەرزان بفرۆشین.  داوا دەکەین کارگەی دروستکردنی شەربەت و بەرهەمەکانی دیکەی ترێ لێرە دروست بکرێت. 

عومەر زەردە، هەنگەوان، دەڵێت: خەڵکێکی زۆر بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و بێگومان لە ڕۆژانی داهاتووشدا ژمارەی بەشداربووان زیاتر دەبن.

دەڤەری شارۆچکەی میراوێ توانایی زۆری بۆ ڕاکێشانی گەشتیار هەیە، بێجگە لە ترێ ڕەشە وەکوو بەرهەمێکی نایابی ناوچەکە، لە باری مێژووییەوە شوێنەواری وەکوو پردی قەڵاتاسیانی لێیە، هەروەها ڕوبارەکانی ناوچەکە بۆ سەرکێشیی بەلەمەوانی گونجاون و شاخ و دۆڵەکانیشی بۆ هەڵبەستنی تەلەفریک و پردی هەڵواسراو و شاخەوانیی هەیە دەگونجێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment